کۆمەڵگەی ئیکۆواس کۆدەبێتەوە لەسەر بژاردەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە نەیجەر

کۆبوونەوەی ئیکۆواس
کۆبوونەوەی ئیکۆواس

K24 - هەولێر

پێنجشەممە و هەینی، سەرکردە سەربازییەکانی کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا، ئیکۆواس، لە غانا کۆدەبنەوە بۆ لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی وردەکارییەکانی بڕیارەکەی هەفتەی رابردووی سەرکردەکانیان سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزێکی یەدەگ بۆ گەڕاندنەوەی دەستووری نەیجەر، ئەمەش دوای سێ هەفتە لە کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە دێت.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، کاثلین فیتسگیبون باڵیۆزی نوێ لە نەیجەر بەم زووانە بەرەو نیامی دەڕوات لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە کودەتاکە و گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ ئەو وڵاتە.

سەرۆکەکانی سوپای رۆژئاوای ئەفریقا پلانیان هەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە غانا کۆببنەوە بۆ هەماهەنگیکردنی ئەگەری دەستوەردان لە دۆخی نەیجەر بە ئامانجی گەڕاندنەوەی نیزامی دەستوور لە وڵاتەکەدا دوای ئەوەی کودەتاچییەکان محەمەد بازوم سەرۆکی هەڵبژێردراوی نەیجەریان دوورخستەوە و دەستگیرییان کرد.

 ئیکۆواس،  نیگەران بوو لە زنجیرەیەک کودەتای سەربازی یەک لە دوای یەک لە ناوچەکەدا، بۆیە بڕیاریدا هێزێکی یەدەگ بۆ کۆتاییهێنان بە کودەتاکەی نەیجەر پێکبهێنێت.

ناوچەی ساحل لە ئەفریقا زیاتر لە 10 ساڵە شاهیدی یاخیبوونێکی جیهادییە، کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە باکووری مالی دەستیپێکرد، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا بۆ نیجەر و بورکینافاسۆی دراوسێی وڵاتەکانی بڵاوببێتەوە.

نەیجەر دوایین وڵاتی ئەفریقا بوو کە کودەتای سەربازی تێیدا روویدا، کاتێک لە 26ی تەمموزدا کودەتاکەیان کرد و محەمەد بازوم سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەشیان دەستگیرکرد.

Fly Erbil Advertisment