عێراق و ئەمەریکا پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان پەرەپێدەدەن
K24 – واشنتن:
عێراق و ئەمەریکا و دەیانەوێت پەیوەندی نێوانیان تەنیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش نەبێت بەڵکو فراوانتر بکرێت. بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی هەردوو وڵات لە واشنتن کۆبوونەوە و لەژێر دیالۆگی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق ئەم بابەتەیان تاووتوێکرد.
لە ئاستی هەرە باڵای وەزارەتی بەرگری هەردوو وڵات کار لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان دەکەن. ئەمە لە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی لە واشنتن کە تێیدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش بەشداربوون لەژێر "دیالۆگی هاوبەشی ئەمەریکا و عێراق بۆ هاوئاهەنگی ئەمنی" تاووتوێکرا.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی:"کاتێ باڵیۆز رۆمانۆسکی لەدوای دیالۆگی هاوبەشی ئەمنی و بەرگری کە لە واشنتن بەڕێوەچوو گەڕایەوە عێراق، لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی گفتوگۆکە."
یەکێک لەو خاڵانەی لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و پنتاگۆن باسی لێوەکرا، کەمکردنەوەی رۆڵی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان بوو لە عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رایگەیاندووە، وڵاتەکەی چی دیکە پێویستی بەو هێزانە نییە.
لەلاین خۆیەوە، ئامی ئۆستن هۆڵمێس، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆڵی ئەمەریکا لە عێراق بۆ راوێژ و یارمەتیدانە، بە دڵنیایەوە ئەوەش پەیوەستە بە عێراقییەکانەوە کە تاکو چەند دەیانەوێت ئەمەریکا لە عێراق بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، عێراقییەکان خۆیان دەبێت بڕیاربدەن کە مانەوەی ئەمەریکا لە عێراق تا چەند گرنگە، گوتیشی: پێموایە هێشتا ئاڵنگاری زۆر هەن، هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە، ئەمانە کێشەن، بەردەوامبوونی ئەمەریکا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەڕەشە بەردەوامانە، بەڵام عێراقییەکان دەبێت خۆیان بڕیاربدەن."
ئەمەریکا لە عێراق 2500 سەربازی هەیە، ئەرکیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تەنیا پێدانی راوێژ، راهێنان و پێدانی زانیاری هەواڵگرییە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو هێزانەش بە داواکاری حکومەتی عێراق ماونەتەوە.