عەلی عەونی: بەشێک لە لایەنەکان ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دروستدەکەن

عەلی عەونی، بەرپرسی لقی یەکی پارتی
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی یەکی پارتی

K24 – هەولێر:

بەرپرسی لقی یەکی پارتی، رایدەگەیەنێت، سەرۆك بارزانی لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی حزب و بڕیارەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی و هەورەها لە نزیکەوە گوێ لە داوکاری چین و توێژەکانی ئەم دەڤەرە گرت، لەبارەی هەڵبژاردنیش گوتی: بەشێک لە لایەنەکان ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دروستدەکەن.

عەلی عەونی، بەرپرسی لقی یەکی پارتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری بادینان، پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، قەزای ئامێدی و ئاکرێ بۆ ئەوەبوو تا لە نزیکەوە گوێبیستی بیر و بۆچوونی خەڵکی ناوچەکە و چین و توێژە جیاوزەکان بێت، هاوکات سەرۆک بارزانی هەمیشە دەڵێت، "دەمەوێت کەمتر قسە بکەم و زیاتر گوێم لە ئێوە بێت، ئەمەش لە چوارچێوەی تەواوی بایەخی سەرۆک بارزانییە بۆڕای هاووڵاتییان".

راشیگەیاند، سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر بارودۆخی حزب و بڕیارەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی و هەورەها لە نزیکەوە گوێ لە داوکاری چین و توێژەکانی ئەم دەڤەرە گرت.

هاوکات لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، بەرپرسی لقی یەکی پارتی، ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستدەکەن، دەڵێن بۆ هەڵبژاردن ئامادەین، بەڵام کە دێتە سەر ئەرزی واقع هەموویان خۆیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدزنەوە.

دەشڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن رەوایەتی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێ بکرێتەوە، "ئەمەش ئەرکێکە دەبێت بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆمان جێبەجێی بکەین".

عەلی عەونی، روونیکردەوە، لایەنەکان ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروست دەکەن، بوونە هۆکاری ئەوەی هەڵبژاردن دوابکەوێت، لە رێگەی دادگای فیدڕاڵی وایان کرد کۆمیسیۆن شەرعییەتی نەمینێت، دەبوو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردتسانی بەڕێوەبردایە نەک هی عێراق.

باسی لەوەشکرد، کاری دادگای فیدڕاڵی تەنیا دادگای سزادانی خەڵکی کوردستانە.

بەرپرسی لقی یەکی پارتی، گوتی: حکومەتی عێراق بەردەوام مافەکانی گەلی کوردی پێشێل کردووە، هەروەها عێراق بەردەوام بەهانە بە هەرێمی کوردستان دەگرێت، هاوکات دەستووری عێراقیش وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە مافی هەرێمی کوردستانی تیدا پیشێل کراوە.

گوتیشی: 52 ماددەی دەستووری بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، هەروەها پێویستە کورد یەکدەنگ و یەکڕیز بێت بۆ ئەوەی بەسەر ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەدا سەرکەوێت.

ئێوارەی رۆژی شەممە (19ـی ئابی 2023) لە شاری دهۆك، سەرۆك بارزانی لەگەڵ رێكخستنە حزبییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان کۆبووەوە. 

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەمەڕ كێشەكانی هاووڵاتییان و ئاگاداربوون لە رەوشی رێكخستنە حزبییەكان و بەدواداچوونی ئەنجامەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی رێكخرابوو، سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.