عەدنان عوسمان دەبێته دادوەر لە ڤیستیڤاڵێکی ئەڵمانیا
K24 – هەولێر:
عەدنان عوسمان، وەک یەکەم دەرهێنەری کورد بە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەگاندنی ڤیستیڤاڵەکەی ئەڵمانیا دەستنیشانکراوە، زیاتر لە 2000 هەزار فیلم لەسەرانسەری دنیا لە رێگای چەندین پلاتفۆڕمی بە ناوبانگی جیهانی بۆ ڤیستیڤاڵەکە نێردراون و 45 فیلم بۆ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی دیاریکراوە.
عەدنان عوسمان، دەرهێنەری فیلم بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەرکێکی قورسمان لەسەر شان بوو کاتێک، کە راگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی دەرهێنەران بە فیلمەکانین بەشداری ئەم خولەی ڤیستیڤاڵی کۆبانێ بکەن، زۆری بەرهەمە نێردراوەکان بۆ بەشداربوون لەم ڤیستیڤاڵە ئاستەنگێکی زۆری بۆ دروست کردین، سەرئەنجام تەنیا ئەو رێژەیەمان دیارکرد، کە بۆ پێشبڕکێ دەگونجێن و هەوڵماندا باشترینەکان هەڵبژێرین و هەندێک بڕیاری سەخت بدەین، کە فیلمی باش هەبوو، بەڵام نەیتوانی بچێتە پێشبڕکێی سەرەکی، چونکە فیلمی زۆر باش زۆر هاتبوون و بە هێزی خۆیان جێگەی خۆیان دەکردەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو فیلمانەی، کە وەرنەگیرابوون هێزیان نەبوو، بەڵکو مانای ئەوەیە ڤیستیڤاڵی کۆبانێ لە خولی ئەمجارەیدا هێزێکی گەورەی پەیدا کردووە و سەنگێکی زۆری هەیە لای فیلمسازان، بۆیە لە هەموو وڵاتێک فیلممان پێگەیشت لە جۆر و شێوازی جیاواز، لە وڵاتێکی جیاوازی وەک ئەمەریکا و کەنەدا و کۆریا و چین و زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان و زۆربەی وڵاتە عەرەبی و ئەفریقییەکان، ئەمە بۆ فێستڤالێکی کوردی کرێدیتەکی زۆر گرنگە، بڕیار لەسەر زۆری فیلمەکان، بۆیە سەخت بوو، چونکە هەم ژمارەیان زۆر بوون هەم دەبوایە ئێمە ژمارەیەکی کەمی لێ هەڵبژێرین، چونکە ڤیستیڤاڵ دەتوانێت لەو چەند رۆژەدا تەنیا ئەو 45 فیلمە جێ بکاتەوە.
گوتیشی: دوای چەندین کۆبونەوەی درێژخایەن لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکەمان کە زیاتر لە دە کەس دەبووین و کارەکان بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرن و تەکنێکێکی بەرز دابەشکرابوون توانیمان بگەینە ئەنجامێکی باش و زانستی، سەرپەرشتیاری ڤیستیڤاڵ و بەڕێوەبەری ڤیستیڤاڵ و سەرۆکی بەشە جیاوازەکان کۆششی باشیان کرد و بەردەوام بە درێژایی سێ مانگ لە پەیوەندیدابوون بۆ ئەوەی بتوانین کارێکی جیاواز پێشەکەش بکەین، ئەوەی کە خولی ئەمجارەی ڤیستیڤاڵی کۆبانێ لە خولەکانی تر جیادەکەتەوە زۆرن و دیارترینیان دیاریکردنی بەشی فیلمی کوردییە، واتا فیلمە کوردییەکان لە بەشێکی تایبەت پیشبڕکێ دەکەن و خەڵات وەردەگرن، کە بریتین لە هەشت فیلم لە هەموو پارچەکانی کوردستان بێگومان باشوریشی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشدا، "منیش وەک سینەماکارێک و وەک سەرۆکی لێژنەی هەڵسەنگاندی فیلمەکان دەبێت ئەوکاتە لە مەڕاسیمی ڤیستیڤاڵ ئامادەبم داوەتنامە و هەموو شتێکمان بەدەست گەیشتووە، تەنیا ماوە ڤیزە وەرگرین ئەگەر تا ئەو کاتە ڤیزەمان وەرگرت ئەوا لەوێ ئامادە دەبین و جەژنی فیلم ڤیستیڤاڵی کۆبانێ لەگەڵ سینەماکارانی دونیا بەیەکەوە دەگێڕین، ئەگەر ڤیزەکەشمان وەرنەگرت ئەوە هەر لەدڵەوە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم ئەوەی لە توانای مندا هەبێت هەوڵی سەرکەوتنی ئەو ڤیستیڤاڵەیە و هەموو جولەیەکی سینەمایی کوردی و جیهانی دەدەم لە پێناو جوانترکردنی ژیانی مرۆڤایەتی و نەهێشتینی رق و کینە و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی".
زیاتر لە 2000 هەزار فیلم لەسەرانسەری دنیا لە رێگای چەندین پلاتفۆڕمی بە ناوبانگی جیهانی بۆ ڤیستیڤاڵەکە نێردراون و 45 فیلم بۆ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی دیاریکراوە، کە پێکدێن لە فیلمی فیکشنی کورت و دۆکیۆمێنتەری و ئەنیمێشن و بەشی فیلمی کوردی و "عەدنان عوسمان" وەک یەکەم دەرهێنەری کورد بە سەرۆکی لێژنەی هەڵسەنگاندنی ڤیستیڤاڵ دەستنیشانکراوە و گەر رێکارە یاساییەکانی ڤیزای بۆ تەواو بکرێت دەگاتە ئەڵمانیا و لە ماوەی رۆژانی چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبێت، فیلم ڤیستیڤاڵی کۆبانێ نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا ئەمساڵ خولی چوارەمی بەڕێوەدەچێت لە 7 تا 9ـی 2023.
.jpeg)