شاندی ئیکۆواس چاویان بە محەممەد بازوم سەرۆکی لەکارلادراوی نەیجەر کەوت

K24 - هەولێر

شاندی گروپی رۆژئاوای ئەفریقا "ئیکۆواس" لە نیامی چاویان بە محەمەد بازوم سەرۆکی دەستبەسەرکراوی نەیجەر کەوت و هەروەها لەگەڵ سەرۆکی کودەتاکە، جەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان تیانی کۆبوونەوە.

شاندەکەی ئیکۆواس، رۆژی شەممە گەیشتوونەتە نیامی و رایانگەیاندووە، کە چاویان بە سەرۆک بازوم کەوتووە و گوێیان لە بۆچوونەکانی گرتووە و ئەوەی بەسەری هاتووە، بەڵام باسیان لەوە کردووە کە "پرسگەلێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە ناتوانین ئاشکرای بکەین".

عەبدولسەلام ئەبوبەکر سەرۆکی پێشووی نەیجیریا، کە سەرۆکایەتی شاندی ئیکۆواس دەکات گوتی: "کۆبوونەوەکانمان لە نیامی زۆر گرنگ بوون، دەتوانێت خاڵی دەستپێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە پێکبهێنێت".

بەرپرسێکی باڵای ئیکۆواس گەشبینی خۆی دەربڕیبوو کە ئەنجومەنی سەربازی کودەتاچییەکان گفتوگۆ لەگەڵ ئیکۆواس قبوڵ دەکات، دەشڵێت: بازوم "ورەی بەرزە"، بەڵام هێشتا کارەبای نییە.

سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازییەوە، عەلی محەمەد ئەمین ئەلزەین، ئێوارەی هەینی بەڵێنیدا و پشتڕاستیکردەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز - کە "هیچ شتێک روونادات بەسەر بازومدا.

بازوم لە دوای لە کودەتاکەی 26 تەمموزەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار دەستبەسەرە، بەڵام ئیکۆواس و زلهێزەکانی رۆژئاوا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو هێشتا سەرۆکی شەرعییە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات دەکەن.

عەبدولفەتاح موسا، کۆمیساری کاروباری سیاسی و ئاشتی و ئاسایشی ئیکۆواس رایگەیاند، ئامانجی شاندەکە بەردەوامبوونە لە پەیڕەوکردنی رێگای ئاشتیانە بۆ گەڕاندنەوەی دەستوری لە نەیجەر.

تیانی وێڕای ئیدانەکردنی ئەو سزایانەی بەسەر نیجەردا سەپێنراون و وتی کە ئامانجیان "ملکەچکردنی ئێمەیە نەک گەیشتن بە چارەسەر"، ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت ئیکۆوا بێئاگا بێت لەوەی نەیجەر "کلیلێکە کە ڕێگری لە تیرۆریستان کرد لە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە".

Fly Erbil Advertisment