لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی گۆڤار ئەنوەر بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیانی نمایش دەکرێت
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ رێکەوتی 20ـی ئابی 2023، یەک ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی بواری کۆمێدیا و شانۆ گۆڤار ئەنوەر تێپەڕ دەبێت، کە پارساڵ بەهۆی نەخۆشیەوە ماڵئاوایی لە ژیان و هونەرەکەی دا کرد.
لە یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی گۆڤار، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ساز بکرێت، بەڵگە فیلمێک بە ناونیشانی "خۆشی بۆ نیشتمان 49 بۆ خۆم" نمایش دەکرێت.
ئەو بەڵگە فیلمە لە دەرهێنانی ئەحمەد ئەنوەر برای هونەرمەندی کۆچکردووە و باس لە ژیان و کارە هونەرییەکانی گۆڤار دەکات، کە تا ئەو رۆژەی لە ژیاندا بوو لە خزمەت شانۆی هەولێردا بووە.
دەرهێنەر ئەحمەد ئەنوەربە کوردستان24ـی راگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ یەکەمین ساڵیادی غەمگینی گۆڤاری برام دەکەینەوە، کە بەهۆی نەخۆشیەکی سەخت جێیهێشتین.
گوتیشی: فیلمەکە نیشاندانی ژیان و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەیە لە منداڵیەوە تا دوا هەناسەکانی ژیانی.
گۆڤار ئەنوەر لە ساڵی 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە، یەکەم کاری هونەری لە ساڵی 1993 بووە، کە ئەوکات لە شانۆگەرییەکی قوتابخانەی ئیبن خەلەکان بەشداریکردووە.
یەکەم دەرکەوتنی گۆڤار ئەنوەر وەك ئەکتەر، لە کورتە فیلمی (منم دکتۆر)ـدا بووە لە ساڵی 1997، فەرمانبەری بەڕێوبەرایەتی هونەری شانۆ بووە، لە پێنج فیلم سکرین و دوو کورتە فیلمدا بەشداری کردووە، جگەلەمانە لە 17 شانۆگەری و 19 درامادا رۆڵی بینیووە.