دینا و فاخیر هەریری لە دادگا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە
K24 – هەولێر
پاش ئەوەی لەسەر یاری نێوان یانەی هەولێر و قوە جەوییە کێشە کەوتە نێوان دینا دەرزی و فاخیر هەریری، ئەمڕۆ لە دادگا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
دوای ئەوەی یانەی وەرزشی هەولێر لە یاری کۆتایی جامی یانەکانی عێراق، نەیتوانی سەرکەوتووبێت، هونەرمەندی گۆرانیبێژ دینا دەرزی دڵخۆشی خۆی بۆ دۆڕانی یانەی هەولێر دەربڕی، ئەمەش هاندەرانی ئەو شارە و خەڵکی هەولێری توڕە کرد و درەنگانی شەویش گۆرانیبێژی میللی فاخیر هەریری بەشێوەی راستەوخۆ لە تیکتۆک وەڵامێکی توندی دینای دایەوە و وەک کچە "قەرەج"ـێک ناوی برد، ئەمڕۆش هەردووکیان لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
فاخیر هەریری بە کوردستان24ی گوت: "پەشیمان نیم لەوەی هێرشم کردووەتە سەری، چونکە ئەو یاری بە هەستی شەش ملیۆن کورد کرد و نزای سەرکەوتنی بۆ تیپێکی عەرەب دەکرد، بۆ ئەوەی پەیامی ئەوە بگەیەنین یاسا سەروەرە لە کوردستان لە دادگا ئامادە دەبم و رازیم بە هەموو بڕیارەکانی ئەو دادگایەش".