وەزیری ئیتلاعاتی ئێران: بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی رۆژئاوا چەند کەسێکمان لەسێدارەدا

ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتالاتی ئێران
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتالاتی ئێران

K24 - هەولێر:

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران ئاشکرایدەکات، چەند کەسێکیان بە تاوانی سیخووری بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا دەستگیرکردووە و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندوون.

سەید ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، سیخوڕی وڵاتانی سوید، بەریتانیا و فەرەنسا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەیان لە ئێران دەستگیرکردووە.

گوتیشی: بەشێک لەو کەسانەی بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپی دەستگیرکراون، سزای لەسێداردانیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە ماوەی شۆڕشی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەیان کەس بە تۆمەتی گێرەشێوێنی و سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەستگیرکران، بە گوێرەی میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێرانیش، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا لەمساڵدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر لانیکەم 354 کەسدا سەپاندووە.

کچە کورد (ژینا ئەمینی)، رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 بە پاساوی رەچاونەکردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستگیر کرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوام بوون.