شاری نیالای سوودان بۆردومان دەکرێت و نەخۆشخانەکانیش خزمەتگوزارییان تێدا نەماوە

K24 - هەولێر

شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە شاری نیالا، ناوەندی ویلایەتی دارفۆری باشوور، بۆ دەیەمین رۆژی لەسەریەک بەردەوامە، ئەمەش لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو سێ شارە لە پایتەختی، خەرتوم، بەحری و ئەم درمان.

شایەتحاڵەکان لە نیالا رایانگەیاندووە، بۆردومان و تۆپبارانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون، بووەتە هۆی کوژرانی و برینداربوونی زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی.

بەگوێرەی ژووری فریاکەوتنی شارەکە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە شەڕ لەنێوان هەردوولا لە ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتی دارفۆری باشوور، نوێ بووەتەوە و چڕی شەڕەکە زیاتر لە دەوروبەری فەرماندەیی فیرقەی 16ی سوپادا زیاتر بووە.

ژووری فریاکەوتنی نیالا لە راگەیەندراوێکدا راگەیاند، ئەو گوللـە تۆپانە لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی ناوەندی شار، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەکەونە ناو ماڵی هاوڵاتیان،  کە ئەمەش چەند هێندەبوونی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە لە پێکدادانەکاندا هەڵدێن و گیریان خواردووە.

لە ژووری فریاکەوتندا هاتووە، سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان بەتەواوی لە خزمەتگوزاریەکان داڕماون، جگە لە نەخۆشخانەیەک کە ژمارەیەکی زۆر برینداری تێدایە، هەروەها ژمارەیەک لە بریندارەکانیش گیانیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاند، بارودۆخەکە زۆر خراپە، هەموو گەڕەکەکانی دەوروبەری شارەکەش بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ، دەشڵێن: مەترسی مردن لەناو ماڵەکانیان هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکات.

ئاماژەیان بەوە شکردووە،  ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان ماڵەکانیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچە ئارامەکان لە باکووری ناوچەکە هەڵاتوون، هاوکات خێزانەکانی دیکەش چاوەڕێی هێوربوونەوەی دۆخەکەن بۆ ئەوەی لە نیالا هەڵبێن.

ژووری فریاکەوتنی نیالا ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانی تۆپخانەکان و پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی "پشتیوانی خێرا" زیانێکی زۆری بە تاوەرەکانی تۆڕەکانی پەیوەندییەکان گەیاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت.

دوێنێ سوپای سوودان رایگەیاند، کە چەندین هەوڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرایان بۆ هێرشکردنە سەر فیرقەی 16 پیادە، لە شاری نیالا بەرپەرچ داوەتەوە، هەروەها هێزە هێرشبەرەکان زیانێکی بەرکەوتووە.

لە بەرامبەردا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاند، هێزەکانی سوپا لە نیالا قێزەونترین تاوانەکانیان ئەنجامداوە، بێ جیاوازی بۆردومانی ناوچەکانی دانیشتووانی کردووە، سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و بە هەزاران خێزانیش ئاوارەبوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی "فیرقەی 16ی پیادە" لە شارەکەدا بانکی سوودانیان لە شارەکەدا تاڵان کردووە، لە سەرەتای شەڕەوە سەرجەم لقەکانی بانکەکانیان تاڵان کردووە، هەروەها پارەی وەبەرهێنەران و بازاڕەکانی زێڕیشیان تاڵان کردووە.

لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا شەڕ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت دەستیپێکرد و بە خێرایی بەرەو ویلایەتی دارفۆر و کۆردۆفان گواسترایەوە و لە کاتی پێکدادانەکاندا، تا ئێستا هەزاران کەس کوژراون، هەروەها 120 هەزار بریندار و ئاوارەبوونی نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

هاوکات دانیشتوانی گەڕەکی خەرتووم لە رۆژهەڵاتی بوری دەڵێن: سوپا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامداوە لەناو گەڕەکی نیشتەجێبوونی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە چەند کیلۆمەترێک لە بارەگای سوپاوە دوورە لە ناوەندی پایتەخت.