هەولێر چارەنووسی یاریزانە کوردەکانی یانەکەی یەکلا دەکاتەوە

چەند یاریزانێکی یانەی هەولێر
چەند یاریزانێکی یانەی هەولێر

یانەی هەولێر لە رێگای لێژنەیەکەوە چارەنووسی یاریزانە کوردەکانی یانەکە بۆ وەرزی داهاتووی خولی عێراقی یەکلا دەکاتەوە، کە لە رێگای لێژنەیەکەوە لەگەڵ یاریزانە کوردەکان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە.

رەوا یوسف لە لێدوانێکی تایبەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە یەکەم دانیشتنم بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی هەولیر نەگەیشتمە رێککەوتن، یانەی مینا ئامادەیە 150 ملیۆن دینارم پێبدات و ئۆفەرم لە یانەکانی تەڵەبە و نەفت پێگەیشتووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوو بڕیاری کۆتایی خۆم دەدەم'.
هەروەها رەوا یوسف کە ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولیر ماوە، گرێبەستی وەرزی رابردووی 45 ملیۆن دینار بوو.

لەلایەکی دیکەوە چەند کاتژمێرێک دوای گفتوگۆکانیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، عەلی شاخەوان یاریزانی لاوی یانەی هەولێر رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاند و لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: سوپاس بۆ هەموو شتێک، هاندەران هەمیشە لە دڵمن، بە چاوی پڕ فرمێسک ئەم ئەنووسم'.

لەلایەکی دیکەوە سەفین مەنسوڕ هێرشبەری یانەی هەولێر لە کەنار دەریاوە رۆیشتنی لە یانەی هەولێر راگەیاند و لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: ئەحمەد شکور بە هاوڕێیەکی گوتوم بە سەفین مەنسوڕ بڵێن لەگەڵ سێ یاریزانی دیکە پەیوەندییان بە یانەی هەولێر نەماوە'. سەفین هەر لەو نووسراوەیدا داوای مافی دەستبەرداربوونەکەی لە هەولێر دەکات.

وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لەمیانی بەشداربوونی لە ئەمڕۆی وەرزشی کوردستان24 رایگەیاند: لێژنەیەک کە لە ئەحمەد شکور و دیدار حامید و مۆفەق یونس پێکهاتوون، لەگەڵ یاریزانەکان گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی گرێبەستی یاریزانە کوردەکان نوێبکەنەوە'.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر بڕیاریداوە هەریەکە لە سەفین مەنسووڕ، بارزان شێرزاد، دیدار غازی و دانا عوسمان بەڕێبکەن و گرێبەستەکانیان نوێ نەکەنەوە.