به‌رنامه‌ی باسی رۆژ تاووتوێی بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ڤیدیۆیه‌كی منداڵێكی تازه‌له‌دایكبووی هه‌ولێر ده‌كات
K24 – هەولێر:
گرته‌ڤیدیۆیه‌ك له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر گیراوه و منداڵێكی تازه‌له‌دایكبوو تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه كه كارمه‌ندی نه‌خۆشخانه‌كه‌ن، هه‌ندێك جووڵه‌ی تایبه‌تی پێ ده‌كرێت، ئه‌م گرته‌ڤیدیۆیه ده‌نگدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێكهوتهوه، له‌وباره‌یه‌وه به‌رپرسی به‌شی پشكنین و به‌دواداچوون بۆ دامه‌زراوه ئه‌هلییه‌كان له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵه‌ر له‌سه‌ر دۆسیه‌ی منداڵه‌كه له نه‌خۆشخانه‌كه تایبه‌ت به‌و بابه‌ته له‌میانی به‌شداركردنیان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌ده‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت، روونكرده‌وه‌ی زیاتریان دا.
له سه‌ره‌تادا هونه‌ر حه‌سه‌ن، به‌رپرسی به‌شی پشكنین و به‌دواداچوون بۆ دامه‌زراوه ئه‌هلییه‌كان له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانی و چاكسازییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، رۆژانه و هه‌فتانه و مانگانه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام رێنمایی پێویست له‌باره‌ی كه‌رتی ته‌ندروستییه‌وه ده‌رده‌كات و به‌سه‌ر ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كان دابه‌شی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی لێ بكه‌ن و جێبه‌جێی بكه‌ن. گوتیشی، به‌پێی یاسای ژماره چواری ساڵی 2020، بۆ هیچ كه‌س نییه پڕوپاگه‌نده و ریكلام به نه‌خۆش بكات له‌ناو نه‌خۆشخانه و سه‌نته‌ره ئه‌هلییه‌كان.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و منداڵه كراوه، له سه‌رووی ریكلامه و ناوی ده‌نێن سووكایه‌تیكردن، چونكه منداڵێك كه تازه له ژینگه‌ی ناو سكی دایكی پێی ناوه‌ته ناو ژینگه‌ی دنیایه‌كی فراوانتر، ده‌بێت به‌وپه‌ڕی رێز و نه‌رمونیانییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. جه‌ختیشیكرده‌وه ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به منداڵه‌كه كراوه، پێشێلكارییه به‌رامبه‌ر به پێوه‌ره ستاندارده‌كانی جیهانی تایبه‌ت به شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆش.
له‌لای خۆیه‌وه بێوار رزگار، سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵه‌ر له‌سه‌ر دۆسیه‌ی منداڵه‌كه له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌نته‌رناشناڵی هه‌ولێر، رایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌خۆشخانه دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرتهڤیدۆكهی تایبه‌ت به‌و منداڵه، ده‌ستبه‌جێ رێكاره‌كانیان ده‌ستپێكرد و ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی بڕیاری دا و لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه پێكبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی به راست و دروستی ئه‌و بابه‌ته بگه‌ن.
گوتیشی ئه‌و وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری لێكۆڵینه‌وه له بابه‌ته‌كه ده‌ستنیشان كرا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چه‌ند بڕیارێكی پێویستی ده‌ركرد، له‌وانه‌ش راگرتنی راژه‌ی هه‌ردوو كارمه‌نده‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه كه له گرتهڤیدیۆكهدا ده‌رده‌كه‌ون، دواتریش كاگێڕی نه‌خۆشخانه‌كه ئاگادار كرایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێككاره‌كان توندتر بكه‌ن به‌تایبه‌ت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی بردنه‌ژووره‌وه‌ی مۆبایل بۆ ناو هۆڵه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری. روونیشیكرده‌وه بردنه‌ژووره‌وه‌ی مۆبایل بۆ ناو هۆڵه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری پێچه‌وانه‌ی یاسای ته‌ندروستی و په‌یڕه‌وی ناوخۆی نهخۆشخانهكهشیانه.
هه‌روه‌ها ناوبراو باسی له‌وه كرد، دوای په‌یوه‌ندیكردنیان به خانه‌واده‌ی منداڵه‌كه، ده‌ركه‌وت ئه‌و منداڵه له 27ـی ته‌ممووز له دایك بووه و له نه‌خۆشخانه‌دا خزمه‌ت كراوه و هیچ گله‌ییه‌كیان سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته نه‌بووه، ته‌نانه‌ت به لیژنه‌كه‌یان گوتووه، كه له‌سه‌ر خواستی خۆیان مۆبالهكهیان براوه‌ته ژووره‌وه، بۆیه لیژنه‌ی نه‌خۆشخانه هه‌ندێك له رێككاره‌كانی خاو كرده و دواتر داوای هاوكارییان له لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییان بكه‌ن، كه ئه‌وانیش له به‌ده‌نگه‌وه‌چوونیان جیددی بوونه.
بێوار رزگار جه‌ختیكرده‌وه، گرته‌ڤیدیۆكه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌لای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه هه‌یه كه ته‌واو جیاوازه له‌و گرته‌ڤیدیۆیه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له گرته‌ڤیدیۆ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌دا پزیشكه‌كان به‌وپه‌ڕی سۆز و میهره‌بانییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه زه‌قبووه‌ته‌وه به‌رزكردنه‌وه‌ی قاچه‌كانی منداڵه‌كه‌یه، كه به گه‌ڕانه‌وه بۆ بۆچوونی پزیشكانی تایبه‌ت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی بۆ منداڵێكی نائاسایی یاخود تایبه‌ت، ئاسایی و رێگه‌پێدراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر نابێت به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌خۆش به‌تایبه‌ت منداڵێكی تازه‌له‌دایكبوو بكرێت، چونكه له رووی زانستییه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی ساده‌ی تێدایه، به‌و مانایه‌ی له واقیعدا زانستیانه‌یه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زانستی نه‌ك ره‌مه‌كی و نازانستی.
هاوكات هونه‌ر له‌باره‌ی لایه‌نه زانستییه‌كه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته، دووپاتی كرده‌وه هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی كه‌می زانستی نییه، چونكه منداڵ كه تازه له دایك ده‌بێت، دكتۆرێكی پسپۆڕی منداڵان كه یاوه‌ری ئه‌و دكتۆره ده‌كات كه نه‌شته‌رگه‌ری بۆ دایكه‌كه ده‌كات، به‌ر له ده‌رچوونی منداڵه‌كه له هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری، هه‌موو پشكنینێكی تایبه‌تی بۆ ده‌كات، ئینجا دوای ده‌رچوونی پشكنینه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، منداڵه‌كه بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه ده‌گوازرێته‌وه. گوتیشی، ئه‌وه‌ی روویداوه دووره له كارێكی زانستی و دژی یاسا و رێنماییه‌كانه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 20ـی ئابی 2023) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ گرتنەبەری رێككاری یاسایی بەرامبەر گرتە ڤیدیۆیەكی پێشێلكردنی مافی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە نەخۆشخانەی (اربیل ئینتەرناشناڵ)ی تایبه‌تی، لەڕێگەی تیمی پشكنین و بەدواداچوون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی ناوبراو كرا بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە، سه‌ره‌نجام بڕیار درا:
1- دوورخستنەوەی هەردوو كارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەكانی (گ.ع.ع) و (س.ص.م) لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەڕەڕای نەبوونی رێگەپێدانی كاركردنی ئەم دووكارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.
2- سڕكردن و راگرتنی هەردوو كارمەندی ناوبراو لە كاركردن لەبواری پزیشكی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ.
3- داخستنی بەشی منداڵە ناكامەكان (خدج) لە نەخۆشخانەی ناوبراو> بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا رێكخستنەوە و پەیڕەوكردنی مەج و ڕێنماییەكانی تەندروستی.
4- داخستن و راگرتنی نەشتەرگەری منداڵبوون تا جێبەجێكردنی بڕیارەکانی خاڵی سێیەم.
5- سزای بەڕێوبەر و نەخۆشخانە بەپێی ڕێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی.
6- سزای ئاگاداركردنەوە (انذار) ی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ كاركردنی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی ڤێگەپێدرا و لە وەزارەتی تەندروستی.
7- هەواڵەکردنی دۆسیەی سەرپێچیکردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند.
بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە، کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لەو حاڵەتە بکات و جەخت لە پاراستنی مافی نەخۆش و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە بکاتەوە.
له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی، پلكی كۆرپه تازه له‌دایكبووه‌كه كه له‌هه‌مان كاتدا كارمه‌ندی نه‌خۆشخانه‌كه‌یه رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و گرته ڤیدیۆیه له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی و داواكاری دایك و باوكی منداڵه‌كه گیراوه و ئامانج لێی یاریكردن بووه و هیچ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی منداڵه‌كه نه‌دراوه.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: ئه‌وان وه‌ك ستافی نه‌شته‌رگه‌ری له نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌ربیل ئینته‌رناشناڵ، بۆیان نییه له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ری مۆبایل به‌كاربهێنن، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای باوكی منداڵه‌كه گرته‌كه‌یان تۆماركردووه و بۆ ئه‌و مه‌سته‌ش مۆڵه‌تی له ته‌واوی ستافی نه‌خۆشخانه وه‌رگرتووه.