ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە بەریتانیا

ئاڵای ئەمریکا و بەریتانیا
ئاڵای ئەمریکا و بەریتانیا

دوای ئەوەی بەریتانیا ئاستی هەڕەشەی تیرۆری بۆ پلەی مەترسیدار بەرزکردەوە، باڵیۆزی ئەمریکا لە لەندەن هۆشدارییەکی ئەمنیی دەستبەجێی دایە هاووڵاتییانی و داوای لێ کردن لە شوێنە گشتییەکاندا ئەوپەڕی وریایی بنوێنن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لەندەن، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای پەلامارێکی چەقۆوەشاندن بۆ سەر دوو هاووڵاتیی جوو لە باکووری لەندەن، ئاستی هەڕەشەی تیرۆر لە بەریتانیا بەرز بووەتەوە. 

باڵیۆزخانەکە داواش لە هاووڵاتییە ئەمریکییەکان دەکات لە قوتابخانە، کڵێسا و شوێنە گەشتیارییەکان چاوکراوە بن. 

روونیشی کردەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی مەترسییەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیاوە، دەخوازێت هاووڵاتییانی ئەمریکا هۆشیارتر بن و پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنیی تایبەت بە خۆیان بکەن.

دوای رووداوەکەی باکووری لەندەن و بریندارکردنی دوو هاووڵاتیی جوو، حکوومەتی بەریتانیا ئاستی هەڕەشەی تیرۆری بۆ دووەم بەرزترین ئاست بەرزکردەوە، ئەمەش بە پلەی مەترسیدار دەناسرێت. ئەم هەنگاوەی بەریتانیا بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی تووندڕەوان و گرووپە راستڕەوەکانەوە دێت.