فوئاد حوسێن و هاکان فیدان لە کۆبوونەوەدان
K24 – بەغدا:
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەدان.
ئێواری ئەمڕۆ سێشەممە (22ـی ئابی 2023)، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەناو باڵاخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەدان بۆ تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ.
پەیامنێری کوردستان24، راشیگەیاند، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامدەدەن و لەو کۆنفرانسەدا فیدان ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق دەخاتە روو.
ئاماژە بەوەشدا، گرنگترین پرس کە لەنێوانیان تاووتوێی بکەن پرسی ئەمنی چەکدارانی پەکەک و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیایە لە خاکی عێراق، هەروەها پرسی وزە و ئاویش باس دەکرێن لە کۆبوونەوەکانی نێوانیان.
دیلان بارزان، گوتی: بڕیارە سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی فیدان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆببێتەوە، دواتریش لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و محەممەد حەلبوسی کۆدەبێتەوە، هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ماوەی یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
گوتیشی: ئەو سەردانەی فیدان رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی هەشت سەردانی عێراق بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق ئەوەی خستووەڕوو: "لە نێوان 22ـی ئاب بۆ 24ـی ئاب، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات".