ئەمەریکا بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار چەک دەفرۆشێتە تایوان

K24 - هەولێر

بەپێی ئاژانسی هەواڵی DPA ئەڵمانی، ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی چەک بە تایوان بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بۆ یارمەتیدان و بەرزکردنەوەی توانای بەرگری ئاسمانی دوورگەکەیە.

ئاژانسی هاریکاری ئاسایشی بەرگری ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فرۆشتنی ئەو چەکانە بە تایوان، بریتی دەبێت لە سیستەمی گەڕان و بەدواداچوونی تیشکی ژێر سوور بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 و کەرەستەی پەیوەندیدار.

ئاژانسەکە دەشڵێت: "ئەو فرۆشتنە پێشنیار کراوە، چونکە توانای تایوان باشتر دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی خۆی و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە و زیادکردنی کارکردنی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریکا لە رێگەی پرۆگرام  ئێف-16 ەوە".

ئاژانسه ئەمەریکیەکە، ئاماژە بەوەدەکات، که "پێشنیاری فرۆشتنی ئەم ئامێر وپاڵپشتیانە، بە هیچ شێوەیەک لە هاوسەنگییه سەربازییه سەرەکییەکانی ناوچەکە ناگۆڕێت".

لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تایوان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو رەزامەندییە دەربڕی و گوتی: بڕیارە دوای یەک مانگ لە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی بەرگریی تایوان راشیگەیاند، "ئەم سیستێمانە بە باشی بەکاردەهێنرێن لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەدا".

نووسینگەی تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، ئەم پاکێجە یازدەهەمین رێککەوتنی چەکداری ئەمەریکایە لەگەڵ تایوان لەدوای دەستبەکاربوونی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2021.