نۆ ساڵ لە بێدەنگی نەغمەی بولبوولی مستەفا رەئووفدا؛ ئەو ھونەرمەندەی نیو سەدە بۆ موزیک و شانۆ ژیا
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند مستەفا رەئووف تێدەپەڕێت، ئەو هونەرمەندەی يه‌كه‌م ژه‌نيارى ئامێرى قانوون بووه له هه‌ولێر و لەگەڵ زیاتر لە حەوت تیپی هونەریدا کاری کردووە.
زیاتر لە نیو سەدەیە، ھونەرمەندێک لەسەر تەختی شانۆ و موزیک بە دەنگی عودەکەی بووبوو بە ناونیشانی ھونەرێکی باڵا لە ھەولێر، جگە لە چڕینی چەند گۆرانیەک، لە کەڵە ھونەرمەندان و مامۆستایەک لە ژەنینی ئامێری عوددا، کە ببوو بە قوتابخانەیەک بۆ ئارەزوومەندانی ئەو ئامێرە دەنگ زوڵاڵە، ئەویش "مستەفا ڕەئووف" بوو، کە دوای زیاتر لە نیوسەدە لە تەمەن پڕ لە بەخششی لە 25ـی ئابی 2014 بارگەی تێکنا و بەبێدەنگی ماڵئاوایی لە ھونەر و ھونەرمەندان کرد.
ئەمڕۆش نۆ ساڵ بەسەر ئەو یادە خەمناکە تێپەڕدەبێت و وەک وەفایەکیش بۆ ڕۆحی پاکی ئەو کەڵە ھونەرمەندە دەنگبێژ و موزیکژەن و شانۆکارە بە کورتە ڕاپۆرتێک دەربارەی ژیان و بەرھەمەکانی یادەکە بەرز رادەگرین.
شانۆکارێکی بە ئەزموون
لە دەستپێکی کارە ھونەرییەکانی …
لە دەستپێکی کارە ھونەرییەکانی مامۆستای کۆچکردوو، وەک یەکێک لە ھونەرمەندە بەرچاوەکانی بواری شانۆ بە ڕۆڵە جوانەکانی خۆی ناساند، بەتایبەت لە شانۆگەرییەکانی وەک چڵپاو، کە ئەزموونێکی گەورە بوو بۆ ھونەرمەندانی ئەوکاتەی ھەولێر، لەوێشدا مستەفا رەئووف بە بینینی رۆڵەکەی ھەمووانی سەرسام کرد، لە نێوەندی شانۆشدا یەکێک بوو لە ھاوڕێ ھەرە نزیکەکانی ھونەرمەندانی وەک واحید مەرجان، عەلی ئەحمەد، سەلام کۆیی، سەفوەت جەراح ھتد..
سۆلۆی موزیکێکی جیاواز
ئەوەی ئەو ھونەرمەندەی لە ھونەرمەندانی پێشوو جیادەکردەوە، ئەو جیاوازییە بوو لە ژەنینی عودێک، کە بەتەواوەتی کاریگەرییەکانی فەرید ئەترەشی پێوە دیاربوو، بەجۆرێک لە کوردستان ناوی نرا بوو، فەریدی کوردی، ھەر کاتێکیش کە لە دوورەوە دەنگی عودەکەی بھاتبا خەڵکی ئەو شارە دەیانزانی ئەو مامۆستای کۆچکردووە.
ئەمەش وایکردبوو ھەریەک لە ھونەرمەندان مشکۆ، ھابە، تاھیر تۆفیق، شەماڵ سائیب، میدیا حوسێن ھتد...، بەبێ سۆلۆ جیاوازەکەی ئەو ھیچ بەرھەمێکی تۆمار نەکەن، بگرە ئەگەر بیانویستبا بۆشاییەکانیان لە نێو موزیک پڕ بکەنەوە و مامۆستایان وەک موزیکژەنێکی بە سەلیقە و پڕ ئەزموون دەبردە ئاھەنگەکان و لەوێشدا جەماوەرییان بۆ گۆرانییەکان کۆدەکردەوە.
دوێتێک لەگەڵ میدیا حوسێن
مستەفا رەئووف، جگە لەوەی کە بەشداری لە دەیان ئاھەنگی، گۆرانی گوتن دەکرد، چ وەک موزیکژەن چ وەک گۆرانیبێژ، کلیپێکی بەشێوەی دوێت لەگەڵ هونەرمەند میدیا حوسێن بڵاوکرایەوە، کە ئەوکاتە سەرەتای ھەشتاکان بوو، تا ئەمڕۆش گۆرانی شێخ محێدین وەک بەرھەمێکی نەمر لە کەناڵەکان لە پاڵ بەرھەمە ڕەسەنەکان پەخش دەکرێت، یەکێکیشە لە شاکارە جوانەکانی ئەو ھونەرمەندە.
نیو سەدەی پڕ لە بەخشش
وەک کەڵە ھونەرمەندێکی شانۆیی و موزیکژەن، ھەرگیز لە خزمەتی ھونەری سڵی نەدەکردەوە، تەنانەت دوای نیوسەدە زیاتر و نەخۆشی، لە پاییزە تەمەنی خۆشی دابوو، ھەر بە عودە شیرینەکە سەرگەرمی ژەنینی ئاوازێکی نوێ بوو بۆ ژیان.
9 ساڵ دوور لە عودەکەی فەریدەکەی کورد
25ـی ئابی 2014، وەک یەکێک لە ڕێکەوتە ھەرە ناخۆشەکان ھەژمار دەکرێت بۆ خانەوادەکەی مستەفا رەئووفی کۆچکردوو، چونکە لەو ڕۆژەدا خودا حافیزەی لە ئێمە و بنەماڵە ھونەردۆستەکەی و گشت ھونەرمەندان کرد.
ئەمڕۆش نۆ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر یادی کۆچی ناوادەی فەریدەکەی ھەولێر، کە ھەمیشە بە عەشقەوە گوێی بۆ پارچە موزیکەکانی ئەو ھونەرمەندە عەرەبەوە دەگرت، ئێستاش کولتووری خۆشەویستی فەرید شۆڕبووەتەوە نێو خانەوادەکەی و بەھۆی ئەو عەشقەی باوکیان بۆ ھونەرەکەی فەرید ھەی بوو، سەرجەم بەرھەمەکانی فەرید لای ئەوان زیندوون.
کورتەیەک لە ژیاننامەی ئەو کەڵە ھونەرمەندە:-
شانۆكار و ميوزيكژه‌ن موسته‌فا رەئوف له ساڵى 1942 له هه‌ولێرى پایتەخت له دايكبووه، ده‌رچووى په‌يمانگاى مامۆستايانە به‌شى وه‌رزش له ساڵى 1958 ده‌ستى به كارى هونه‌رى كردووه له تيپى ده‌رسيم به‌سه‌رپه‌رشتى مامۆستا جەمال هيدايه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه وەک میوزیکژەن كارى كردووه (تاهير تۆفيق، رسول گه‌ردی، يه‌حيا مه‌رجان، باكورى، شه‌مال سائيب، فوئاد ئه‌حمه‌د، مشكۆ، عاره‌ب عوسمان، موحەممەد عارف جه‌زراوى، محمد جه‌زا، جه‌وده‌ت شاكر)، هەروەها يه‌كه‌م ژه‌نيارى ئامێرى قانوون بووه له هه‌ولێر، له‌گه‌ل ئه‌م تيپانه كارى هونەری کردووە:
تيپى ده‌رسيم
تیپی يه‌كێتى مامۆستايانى كوردستان
تيپى چالاكى قوتابخانه‌كان
تيپى هونه‌رى هه‌ولێر
تيپى كۆمه‌ڵه و هونه‌رو وێژه‌ى كوردى
تيپى مۆسيقاى شۆرش
تيپى هونه‌ره ميلليه‌كان
تيپى مۆسيقاى هه‌ولێر
له ئاهه‌نگه‌كانى ئه‌ڵمانيا و روسيا و نه‌مسا به‌شداربووه
به هه‌ڵبژاردن بووەته ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌رێوه‌بردنى يه‌كه‌مين سه‌نديكاى كوردستان
به‌رپرسيى تيپى هونه‌ره ميلليه‌كان بووه.
به‌شدارى كارى شانۆيى كردووه
له دراماى چڵپاو به‌شداربووه
خاوه‌ن ئه‌زموون و ميژوويه‌كى جوانه چ وەک شانۆکار یان ميوزيكژەن كه‌سايه‌تيه‌كى به ناو بانگ و ديارى هه‌ولێرى ئازيز بووه خاوه‌ن خزمه‌تى 50 ساڵه به بێ دابڕان، ماوه‌يه‌ك نه‌خۆش بووه، وەلە ڕێکكه‌وتى 25ى 8ى 2014 چووه به ردلۆڤانى خودا و ماڵئاوايى له دۆست و ئازيزانى كرد.