عەدنان کەریم لە هۆڵەندا کۆنسێرتێک ساز دەکات
K24 - هەولێر:
گرووپی میوزیکی شار لەگەڵ هونەرمەندی گۆرانیبێژ "عەدنان کەریم" ئێوارە کۆنسێرتێک بە ناونیشانی "بۆ دڵ" لە 10ـی ئەیلول ساز دەکات.
عەدنان کەریم بۆ کوردستان24 رایدەگەیەنێت: ئێواره کۆنسێرتەکە دوای ئەوە دێت، کە لە کوردستان زنجیرەیەک کۆنسێرت و پڕۆژەی هونەریم ئەنجامدا، بەتایبەت لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی و دوو کۆنسێرتی فراوان لە تۆرەنتۆ و مۆنتریاڵ و ڤانکۆڤەر لە وڵاتی کەنەدا، بۆیە بەشێوەیەکی فەرمی داوەتنامەی ئەو وڵاتەم پێگەیشت بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆنسێرتە هونەرییەی، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو بە بەشداری بەشێک لە هونەرمەند و میوزیسیانە بەرچاوەکانی گرووپە میوزیکیەکە ئەنجامی بدەین و کەشێکی هونەری لە وڵاتی گوڵ و جوانیدا دروست بکەین و بە ئاواز و گۆرانی کوردی رەوەندی کوردی بهێنینە جۆش و خرۆش.
ئاهەنگەکە لە هۆڵی دی کۆم نیوەخاینی شاری ئۆترێختی وڵاتی هۆڵەندا دەبێت و دەستەیەک لە هونەرمەندە دیار و بەرچاوەکانی گرووپی میوزیکی شار بەشدار دەبن.