ماچێکی لێوان سەری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای خوارد

ماچێکی لێوان سەری لویس رۆبیالێس سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیای خوارد و فیفا لەسەر ئەو ماچە بڕیاریدا وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ ماوەی سێ مانگ سڕی بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی بڕیاریدا لویس رۆبیالێس سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سڕ بکات و بۆ ماوەی 90 رۆژ مافی بەشداریکردنی لە هیچ چالاکییەکی وەرزشی نابێت، کە ئەو پیاوە کەچەڵە لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی خانمان ماچێکی لێوانی جێنی هیرمۆسۆ یاریزانی هەڵبژاردەکەی کرد و کاردانەوەی لێکەوتەوە، کە بۆیەکەمجار خانمانی ئیسپانیا بوونە پاڵەوانی جیهان و لە یاریی کۆتاییدا 1-0 لە ئینگلتەرایان بردەوە.
لویس رۆبیالێس رەتیدەکاتەوە ئامادە بێت دەستلەکار بکێشێتەوە و رایگەیاند، ئەو رووداوەی روویداوە هەڵە بوو، بەڵام بە ئەنقەست وای نەکردووە و رووداوەکە بە بێ مەبەست بووە و گوتی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا هەموویان وەکو کچی من وان.
هەر 23 یاریزانەکەی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکیاندا رایانگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین لەژێر سەرپەرشتی رۆبیالێس و بەرپرسانی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەشداریی هیچ یارییەکی هەڵبژاردەکەیان بکەن.
ئەمڕۆ لە ئیسپانیا چەندان وەرزشوان خۆپیشاندانیان لەدژی رۆبیالێس ئەنجام دا و داوا دەکەن دەست لەکار بکیشێتەوە، چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆناش پشتیوانی خۆی بۆ هێرمۆسۆ دووپاتکردەوە و ئیدانەی هەڵسوکەوتەکەی رۆبیالێسی کرد.