رێگری لە کوردستان24 کرا بەشداری لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی شاسوار عەبدولواحید بکات

K24 - سلێمانی:
بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەکیان هەبێت، رێگری لە پەیامنێری کوردستان24 کرا بەشداری لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی شاسوار عەبدولواحید بکات کە پێشتر بە فەرمیش بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە بانگهێشت کرابوو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26ـی ئابی 2023، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای لە کەناڵەکانی راگەیاندن و لە نێویاندا کوردستان24 کرد، کاتژمێر 03:00ـی ئێوارە، لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەکە ئامادەبن بۆ گواستنەوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحید.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، لە کاتی خۆیدا لە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئامادەبوو، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ بیانوویەک هەبێت، رێگرییان لێ کرد بچێتە نێو ئەو هۆڵەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی تێدا دەبەسترا.
ئەمە لە کاتێکدایە شاسوار عەبدولواحید بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە دەبێت ئازادی رادەربڕین هەبێت، بەڵام لای ئەو پێچەوانەکەی بینرا.
کوردستان24 بەردەوام هەوڵی داوە دەنگ و رەنگی لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە، بەڵام ئەمە چەندین جارە رێگری لێ دەکرێت.