هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان شەقامی عێراقی دابەشدەکات

خۆپیشاندانەکانی عێراق - وێنە: AP (ئەرشیف)
خۆپیشاندانەکانی عێراق - وێنە: AP (ئەرشیف)

K24 – هەولێر:

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەهۆی بەشدارینەکردنی چەند لایەنێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی سیاسی، شەقامی عێراقی دابەشکردووە و ئەمەش ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکە دەهێنێتە ئاراوە.

دوای ئەوەی بە فەرمی هەریەکە لە رەوتی سەدر، هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، و بزووتنەوەی ئیمتیدادی تشرینییەکان، بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێیەکی نوێ لەسەر شانۆی سیاسیی عێراق دروستبێت.

لەلایەن خۆیەوە، عەلی ساحب، شارەزای بواری سیاسی بە سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاندووە، "لەسەرەتای ساڵی نوێوە، تەمەنی کۆمیسیۆن تەواو دەبێت، ئەوەش کێشەیە، چونکە لەوانەیە لەو ماوە کورتەی تەمەنیدا بواری نەبێت دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنێت و تەماشای تانەلێدانەکانیش بکات، هەربۆیە چەندین ئاماژە پێمان دەلێن کە هەڵبژاردنکە یان دوادەخرێت یان لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت".    

هەرچەندە بەشێک لە تشرینییەکانی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیانداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دیدوبۆچوونی جیاوازیان هەیە و هەندێک لەوان پێیان وایە، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان خۆکوژیی سیاسییە و بەهۆیەوە دەرفەتی نوێنەرایەتیکردنیان لەدەستدەچێت.

ئیکرام وەسفی، چالاکوانێکی تشرینییەکان بۆ کوردستان24 گوتی، "ئەو هەڵبژاردنە هەلێکە بۆ زۆرکردنی ژمارەی خۆمان و خەڵکانی نیشتمانپەروەر و مەدەنییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەزگایەکی گرنگە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆجێیی ھەڵدەبژێرێت".

بەهۆی خراپی رەوشی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی کار و ناڕەزایەتی زۆری هاووڵاتییان، ئەزموونی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پێشوو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، زۆر خراپ بووە بەتایبەتی چەندین دۆسیەی گەندەڵیش ئاشکرا کرا، بۆیە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان نایانەوێت، هەمان ئەو ئەزموونەی پێشوو دووبارە ببێتەوە.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی شەممە (12ـی ئابی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 50 هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکهاتووە لەلایەن 198 پارتی سیاسییەوە.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 296 پارتی سیاسیی مۆڵەت پێدراو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، جگە لە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیەشدا 198 پارتی سیاسی بەشدارن لە پێکهێنانی 50 هاوپەیمانی و 98 پارتی سیاسییش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە 63 پارتی سیاسی دیکەش تاوەکو ئێستا کارەکانی تۆمارکردنیان تەواونەبووە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو هاوپەیمانیەتییانەی لە گشت پارێزگاکان بەشداری دەکەن رایگەیاندووە، هاوپه‌یمانی ئیتیلافی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی حه‌سمی نیشتمانی، هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی سه‌رۆكایه‌تی و هاوپه‌یمانی مه‌دار (جگەلە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە) لە هەموو پارێزگاکان لیستیان دەبێت.

لەبارەی گەورەترین هاوپەیمانییەکانیش، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەمشێوەیە بڵاویکردووەتەوە کە ئەمانەن، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (12 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی بەها مەدەنییەکان (10 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەکان (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی تورکمانی عێراق (9 پارتی سیاسی).

ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، زۆرترین هاوپەیمانی لە بەغدایە (18 هاوپه‌یمانی)، دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار دێت بە (17 هاوپەیمانی) و پارێزگاکانی بەسرە، نەینەوا و کەرکووکیش لە پلەی سێیەم دێن بە (16 هاوپەیمانی) بۆ هەر یەکێکیان.

لە پارێزگای واست (15 هاوپه‌یمانی) پێکهاتووە و لە بابل، کەربەلا و مووسەننا (14 هاوپەیمانی بۆ هەر یەکێکیان پێکهاتووە و لە زیقار و دیوانییە (13 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەکیان و لە نەجەف و دیالە (11 هاوپه‌یمانی) بۆ هەر یەکێکیان و لە پارێزگاکانی میسان و سەڵاحەددینیش (10 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەک پێکهاتووە کە کێبڕکێ دەکەن بۆ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

رۆژی (27ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 218 پەرلەمانتار، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی پەسەندکرد و لەسەر ئەو بنەمایەش، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە بەڕێوەدەچێت.

لەماوەی گفتوگۆکردن بۆ پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانی عێراق، لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دژ بە هەموارکردنەوە ئەو یاسایە ئەنجامدرا و خۆپیشانده‌ران داوا ده‌كه‌ن سیستمی سانت لیگۆ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ یاسای ساڵی 2019، راشیانگەیاند، هۆكاری سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی هێزه‌ گه‌وره‌كانە و رێگریكردنە له‌ دروستبوونی هێزی نوێ و چالاك له‌وڵاتدا و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه،‌ جێبه‌جێكردنی سیستمی سانت لیگۆ ده‌بێته‌ هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌م و دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكی و پشێوییه‌كان له‌وڵاتدا.