وەزارەتی پەروەردە ئاسانکاری لەبارەی یەکپۆشی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەکات

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەدا، بە لەبەرچاوگرتنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان، پێویستە لەسەر ناوەندەکانی خوێندن فشار نەخەنە سەر قوتابییان لەکاتی پابەندنەبوونی تەواویان بە یەکپۆشی.

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئەیلوولی 2023) وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکدا کە واژووی رەگەز رەشید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی لەسەرە، ئاماژەی بەوەدا، بە لەبەرچاوگرتنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان، پێویستە لەسەر ناوەندەکانی خوێندن فشار نەخەنە سەر قوتابییان لەکاتی پابەندنەبوونی تەواویان بە یەکپۆشی و ئاسانکاریان لە سیستەمی یەکپۆشی بۆ بکرێت تا بە نووسراوی فەرمی ئاگەدار دەکرێنەوە.

لە گشتاندنەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەش خراوەتەڕوو، هیچ ناوەندێکی خوێندنی حکومی نابێت لێکدانەوەی شەخسی بکەن بۆ ئەم بابەتە نابێت رێگەبگرن لە ئامادەبوونی قوتابیان لەکاتی دەوامکردندا بەهۆی جێبەجێنەکردنی تەواوی سیستەمی یەکپۆشی.

وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە قوتابییان جل و بەرگیان گونجاو بێت بۆ ناوەندەکانی خوێندن.