کریملن: لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی رووسیا پوتن هیچ رکابەرێکی نییە

ڤلادیمێر پوتن
ڤلادیمێر پوتن

K24 - هەولێر:

کۆشکی کریملن رایدەگەیەنێت، ڤلادیمێر پوتن لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی رووسیا هیچ رکابەرێکی نییە.

دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ناسراو بە کریملن راشیگەیاند، ئەگەر ڤلادیمێر پوتن بیەوێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیای 2024 کاندید بکات، هیچ کەسێک ناتوانێت رکابەری بکات.

پیسکۆڤ ئاشکرایکرد، سەرۆکی رووسیا بەفراوانی لەلایەن گەلەکەیەوە پشتیوانی دەکرێت و گەر نیازی خۆپاڵاوتنەوەی هەبێت، بێگومان گەلی رووسیا جارێکی دیکە متمانەی پێدەدەنەوە.

ڤلادیمێر پوتن لە 7ـی ئۆکتۆبەری 1952 لە سانت-پیتسبۆرگی رووسیا لەدایکبووە و، لە ساڵی 1999 دوای بۆریس یەڵسن وەک سەرۆکی بەوەکالەتی رووسیا دەستبەکاربووە، لە ساڵی 2000 بوو بە سەرۆکی فەرمی رووسیا، لە ساڵی 2008 وەک سەرۆکوەزیرانی رووسیا هەڵبژێردرا.

لە ریفراندۆمی ساڵی 2021یش پوتن مافی ئەوەی پێدرا بۆ دوو خولی دیکە و تاساڵی 2036 بتوانێت سەرۆکایەتی رووسیا بکات.