سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانی ناشڤێڵ هەڵبژێردرا

K24 – هەولێر:
لە هەڵبژاردنەکانی شەوی رابردووی سەرۆکایەتی شارەوانی ناشڤێڵ، فرێدی ئۆکۆنێڵ بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی شارەوانی شارەکە هەڵبژێردرا و لە شوێنی جۆن کووپەر بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو دەستبەکاردەبێت.
فرێدی ئۆکۆنێڵ بە بەدەستهێنانی رێژەی 64%ـی دەنگەکان توانی بەسەر ئەلیس رۆلی سەربکەوێت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان، کە بەپێی ئامارەکان، 114 هەزار و 103 کەس دەنگیان دابوو.
سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێدراوی ناشڤێڵ، تەمەنی 46 ساڵە و لە بواری تەکنەلۆژیادا خاوەنکارە و لە وتاری سەرکەوتنیشدا، لەبەردەم لایەنگرانی رایگەیاند، کاری زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی شارەکەیان دەکات.
جۆن کووپەر (66 ساڵ)، کە لە 2019ـەوە سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵە، شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی، رایگەیاند، خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی شارەوانی ناشڤێڵ کاندید ناکاتەوە و دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئابی رابردوو ئەنجامدرا، فرێدی ئۆکۆنێڵ لەنێو 12 کاندیدی هەڵبژاردنەکە، دەنگی یەکەمی بەدەستهێنا، بەڵام براوەی کورسی سەرۆکی شارەوانی پێویستە زیاتر لە 50%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە ئۆکۆنێل و رۆلی لە گەری دووەمدا، چوونە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ.
ئۆکۆنێڵ کاندیدی دیموکراتەکانە و لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش، هێرشی دەکردە سەر سیاسەتی کۆمارییەکان، کە ئەلیس رۆلی رکابەری، نوێنەرایەتی دەکردن.
دوای سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکان، فرێدی ئۆکۆنێڵ بە کوردستان24ـى راگەیاند، لەماوەکانی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و ناشڤێڵ نافەرمی بوون، بەڵام واژۆکردنی رێککەوتنی دەستەخوشکیی، دەبێتە هۆی فەرمیی بوونی پەیوەندییەکان و زیادبوونی گەشتکردن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هەولێر و ناشڤێڵ.
رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ و کۆمەڵێک لە کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و رەوەندی کوردی، بە فەرمی رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ واژۆکرا.
هەروەها لە دەقی رێککەوتنەکەدا هاتووە، "ناشڤێڵ و هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی دەستەخوشکی دادەمەزرێنن، بەپێی بنەماکانی دەستەخوشکی نێودەوڵەتی نێوان شارەکان و ئەم رێککەوتننامەیە، بە ئامانجی هاندان بۆ لێکتێگەیشتن، نیازپاکی و دۆستایەتی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی هاووڵاتییان، بیرۆکە و زانیاری لە بوارەکانی کولتوور، پەروەردە، یاسا، چاودێری تەندروستی، سەرکردایەتی کۆمەڵگا، حکومڕانی خۆجێی، خوێندنی باڵا، تەکنەلۆژیا، زانست، کار و بازرگانی، وەرزش و بوارەکانی دیکە کە جێگەی بایەخی هەردوولایە".