ئەوروپا پلانێکی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران دادەنێت

K24 - هەولێر

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رۆژی یەکشەممە، لە میانی سەردانێکدا بۆ دوورگەی لامپێدوسا، داوای هاودەنگی ئەوروپایان کرد بۆ یارمەتیدانی رۆما لە بەڕێوەبردنی رەوتی کۆچبەران، چونکە لە توانای ئەو دوورگە بچووکەی ئیتاڵیادا نییە .

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆن دێر لایین گوتی: "ئەو داهاتووەی ئەوروپا بۆ خۆی دەیەوێت لێرەدا لە مەترسیدایە، چونکە داهاتووی ئەوروپا پەیوەستە بە توانای ئەوەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە گەورەکان".

مێلۆنی رەخنە لە نەبوونی هاوکارییەکانی ئەوروپا بۆ وڵاتەکەی دەگرێت، کە دیارترین خاڵی گەیشتنی ئەو کۆچبەرانەیە کە لە دەریای ناوەڕاستەوە دێن، کە ئەمساڵ نزیکەی 130 هەزار کۆچبەری وەرگرتووە.

ڤۆن دێر لاین داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد، کە رۆڵی خۆیان لەم بوارەدا بگێڕن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆچبەرانی نایاسایی تەحەدای ئەوروپییە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی ئەوروپییە".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، داوای لە "وڵاتانی ئەندام کرد کە میوانداری بەشێک لەو کۆچبەرانە بکەن کە دەگەنە لامپێدوسا، ئامانجی پلانەکە باشترکردنی بەڕێوەبردنی دۆخی ئێستایە لە رێگەی باشتر دابەشکردنی پەناخوازان لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا، هەروەها دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی لێشاوەکانیان بە ژمارەیەکی زۆر لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بە شێوەیەک کە توانا لۆجستی و کارگێڕییەکانی ئیتالیا تەواو بکات.

پلانەکە ئاماژە بە زیادبوونی هاوکارییەکانی نێوان ئیتاڵیا و دەزگای کۆچی ئەوروپی و دەزگای کۆنترۆڵکردنی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا دەکات بۆ تۆمارکردنی کۆچبەران، وەرگرتنی پەنجەمۆریان.

هەروەها پلانەکە بریتییە لە خێراکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ تونس کە زۆرینەی کۆچبەران لێیەوە دەگەنە ئیتاڵیا، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ دیارترین وڵاتان کە لێیەوە هاتوون، وەک کینیا، کۆتدیڤوار، سەنیگال و بورکینافاسۆ، بۆ ئەوەی ئەگەر نەیانگەڕێنەوە مەرجەکانی پەنابەری جێبەجێ بکات.

رۆژی یەکشەممە، ڤۆن دێر لیین و مێلۆنی گەیشتنە ئەو دوورگەیە، ماتیۆ پیانتیدۆسی وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا و یڵڤا جۆهانسۆن کۆمیساری کاروباری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا. ئەو بەرپرسانە لە فڕۆکەخانەی دوورگەکە لەلایەن کۆمەڵێک دانیشتووانەوە پێشوازییان لێکرا کە بێزاربوون لە زیادبوونی هاتنی کۆچبەران، هەروەها هەڕەشەی رێگریکردنیان لە کاروانەکە دەکرد.

ڤۆن دێر لایین و مێلۆنی روویان لە بەندەری لامپێدوسا کرد، کە دەیان بەلەمی بچووک، پەناخوازانیان هەڵگرتبوو، لەوێ جێگیر بوون، کە زۆربەیان لە کەناراوەکانی تونسەوە هاتبوون، خاچی سووری ئیتاڵیا کە سەنتەری پێشوازیی کۆچبەران لە شاری لامپێدوسا بەڕێوەدەبات، رایگەیاندووە، "بەیانی ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 500 کەس هاتوون" کە سەنتەرەکە توانای وەرگرتنی تەنها 400 کەسی هەیە.

مێلۆنی داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کردبوو هاوکار بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر ئیتاڵیا، دوای ئەوەی نزیکەی هەشت هەزار و 500 کەس لە نێوان دووشەممە تا چوارشەممە بە 199 بەلەم گەیشتنە ئەو دوورگەیە، بەپێی ئاماری کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم قەیرانەی کۆچکردن بووەتە جێی سەرنجی هەوڵی دیپلۆماسی چڕ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ.

کەناراوەکانی ئیتاڵیا لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە نزیکەی 130 هەزار کۆچبەریان وەرگرتووە، کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانە لە هەمان ماوەی ساڵی 2022دا دوو هێندە زیاتربووە.