په‌یامنێری كوردستان24: له‌ رێگه‌ی درۆنه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت

هێزێكی زۆر له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت بڵاوه‌یان پێكراوه‌
هێزێكی زۆر له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت بڵاوه‌یان پێكراوه‌

K24 - سلێمانی:

هاوژین جه‌مال په‌یامنێری كوردستان24 ده‌ڵێت: پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت كراوه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌كه‌ هه‌یه‌ و هێزێكی زۆری ئه‌منی و تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌وێ كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌".

باسی له‌وه‌شكرد، "له‌ رێگه‌ی دوو درۆنه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت".

روونیكرده‌وه‌، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كشتوكاڵی بووه‌، به‌ڵام پێش چه‌ند مانگێك هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان نۆژه‌نیان كردووه‌ته‌وه‌، بووه‌ته‌ جێگه‌ی مه‌شق و راهێنانی هێزێكی یه‌كێتی، ئه‌مڕۆ دوای كاتژمێر 4:00 به‌ درۆن هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی هاوژین جه‌مال په‌یامنێری كوردستان24، حه‌وت كه‌س له‌ ریزه‌كانی هێزێكی یه‌كێتی له‌نێو ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و چوار ئه‌ندامی هیزه‌ ئه‌منییه‌كانیش بریندارن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌ به‌ رۆژنامه‌نووسان ناده‌ن له‌ نزیكه‌وه‌ رووماڵی ئه‌و رووداوه‌ بكرێت.

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌ی شار و شۆڕش ئاماده‌كراون.

له‌ ماوه‌كانی رابردوودا چه‌ندینجار ئۆتۆمبێلی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كانی شارباژێڕ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ى سنوورى پارێزگای سلێمانی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیاوه‌ بۆردومانكراون، له‌كاتێكیشدا سبه‌ی دوایین واده‌ی كۆتاییهاتنی رێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان عێراق و ئێرانه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران جه‌ختی كرده‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و رێككه‌وتنه‌ درێژ ناكه‌نه‌وه‌.