وەزیری دەرەوەی سوید: توندڕەوەکان دەیانەوێت دووبەرەکی لەنێوان موسڵمان و پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە دروستبکەن
"توندڕەوەکان بێڕێزییان بە قورئان کرد"

K24 - نیویۆرک
وەزیری دەرەوەی سوید لە 78ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، ئەو بێڕێزییەی بە قورئانی پیرۆز کرا، کاری توندڕەوەکان بوو و ئامانجیانە دووبەرەکی لەنێوان موسڵمان و پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە دروستبکەن.
تۆبیاس بیڵسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید، گوتی: "لە چەند مانگی رابردوودا، بینیمان و کە چۆن بێڕێزی بە قورئان کرا و سوتێنرا، ئەم بێڕێزییە کاری توندڕەوەکان بوو، دەیانەوێت دووبەرەکی لەنێوان موسڵمان و پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە دروستبکەن، نابێت رێگە بدەین لەو هەوڵانەیان سەرکەوتووبن".
گوتیشی: "حکومەتی سوید تەواو پابەندە و هەر هەوڵێک لە دژی یەکترقبوڵکردن رەتدەکاتەوە، ئەو کردەوە شەڕانگێزیانەی لە خۆپیشاندانەکانی سوید ئەنجامدران رەنگدانەوەی بیر و هزری حکومەتی سوید و هاووڵاتیانی سویدی نییە".
سەبارەت بە ئەندامییەتی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ، تۆبیاس بیڵسترۆم دەڵێت: "مافی هەموو وڵاتێکە سیاسەتی ئاسایشی خۆی هەڵبژێرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش سوید ئەندامییەتی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانی ناتۆ پێشکەش کردووە، بە ئەندامییەتی ئێمەش لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاسایشی وڵاتەکەمان بەهێزتر دەکات، پێکەوە لەگەڵ ئەندامییەتی فینلاند سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکانی یۆرۆ ئەتلانتیک زیاتر دەکەین".
دەشڵێت: "سوید لەژێر هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو ئەرکانەی لەسەر شانییەتی".