فەرەنسا بڕیاریدا باڵیۆزی وڵاتەکەی لە نەیجەر بگەڕێنێتەوە

K24 - هەولێر
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کۆتایی بە هاوکارییە سەربازییەکانی هێنا لەگەڵ نەیجەر، ئەمەش بەهۆی ئەو کودەتایە سەربازییەی کە لەمانگی تەمموزی رابردوو روویدا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بڕیاریدا باڵیۆزی فەرەنسا لە نیامی پایتەختی نەیجەر بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی، هەروەها بڕیاڕیدا هێزەکانی وڵاتەکەشی لە نەیجەر بکێشێتەوە.
پێشتر ئەنجومەنی سەربازی نەیجەر رایگەیاندبوو، فڕۆکەکانی فەڕەنسا قەدەغە دەکرێن لە ئاسمانی وڵاتەکەدا بپەڕنەوە، ئەمەش دوایین هەڵوێستی سوپای نەیجەر بووە دوای کودەتاکەی دوو مانگ لەمەوبەر دژی سەرۆکی وڵاتەکە محەمەد بازوم.
رۆژی یەکشەممە، ماڵپەڕی ئاژانسی ئاسایشی ئاسمانی ئەفریقا نامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە "ئاسمانی نەیجەر کراوەیە بۆ هەموو گەشتە بازرگانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان جگە لە فڕۆکە فەڕەنسییەکان، یان ئەو فڕۆکانەی کە لەلایەن فەڕەنساوە بەکرێگیراون، لەوانە فڕۆکەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە".
لە نامەکەدا هاتووە کە ئاسمان داخراوە بۆ هەموو گەشتە ئاسمانییە سەربازی و تایبەتەکان جگە لەوانەی مۆڵەتی تایبەتیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەیە.