هیندستان رێژەی هاوردەکردنی نەوتی عێراقی زیاد کردووە
K24 - هەولێر:
بەپێی داتاکانی مانگی رابردوو، هاوردەکردنی نەوتی رووسیا و عێراق لەلایەن هیندستانەوە، زیادی کردووە.
هیندستان کە سێیەم هاوردەکار و بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، رێژەی هاوردەکردنی نەوتی عێراقی زیاد کردووە و لەبەرانبەردا هاوردەکردنی نەوتی سعوودیەی کەم کردووەتەوە.
ڤیکتۆر کاتۆنا، شرۆڤەکاری داتای نەوت لە کۆمپانیای کلێر رایگەیاند، کێبڕکێی نرخەکان لە بەرژەوەندی نەوتی خاوی رووسیادایە و ئەگەر پاڵاوگەکانی هیندستان بیانەوێت نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرن، پێدەچێت نەوتی عێراقیان پێ باشتر بێت بەهۆی نرخەکەیەوە کە لە هەر بەرمیلێکدا نزیکەی دوو دۆلار هەرزانترە بەراورد بە نەوتی وڵاتانی ناوچەکە.
هیندستان مانگی رابردوو بە تێكڕا لە هەر رۆژێکدا 1.55 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رووسیا هاوردە کردووە، کە بەراورد بە مانگی ئاب، سەدا 16 زیادی کردووە، هەروەها رێژەی هاوردەی نەوتی عێراق بە رێژەی سەدا 17 زیادی کردووە کە دەکاتە نزیکەی 1.1 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو هەناردەی نەوتی سعوودیە بۆ هیندستان سەدا 10 کەمی کردووە و بڕەکەی 676 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.