ئەمەریکا بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ میسر راگرت

K24 - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، بەشێک لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ میسر راگرت بەهۆی پرسەکانی مافی مرۆڤەوە لە قاهیرە.

بێن کاردین، سەرۆکی نوێی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا و سیناتۆری دیموکراتەکان، داوای لە کاربەدەستانی میسر کردووە، لێخۆشبوون بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە زیندانیانی سیاسی دەربکات، کە بە 60 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

بێن کاردین، داواشی کرد، قاهیرە شوێنی زیاتر بۆ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ دابین بکات، بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکیش، زۆربەی دەستگیرکراوەکانی میسر بەهۆی پاڵنەری سیاسیەوە بووە.

سیناتۆرەکەی دیموکراتەکانی ئەمەریکا، رۆژی سێشەممە رێگری لە ناردنی 235 ملیۆن دۆلاری هاوکاری سەربازی بۆ میسر کرد، بەهۆی پرسەکانی مافی مرۆڤەوە لە قاهیرە.

بێن کاردین گوتیشی: ئەو هاوکارییانە بۆ میسر بە راگیراوی دەمێنێتەوە، ئەگەر هەنگاوی کۆنکرێتی و ئامانجدار و بەردەوام بۆ باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا نەنێت.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا واشنتن رایگەیاند، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشکەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ میسر بۆ ساڵی داهاتوو بە بەهای یەک ملیار و 215 ملیۆن دۆلار.

بەشێک لە پاکێجی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ میسر 980 ملیۆن دۆلارە، بەشەکەی تریش 235 ملیۆن دۆلارە، ئەوەی دووەمیان بەندە بە پێشکەوتنی میسر لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

Fly Erbil Advertisment