هاوسەری نێرگز محەممەدی 11 ساڵە بەهۆی گوشاری ئەمنییەوە لە فەرەنسا دەژیت

K24 - هەولێر
هاوسەری نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023، زیاتر لە 11 ساڵە بەهۆی گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە، لە فەرەنسا دەژیت. منداڵەکانیشی کە کوڕ و کچێکی دووانەن، دوای ئەوەی دایکیان کەوتە زیندان، چوونەتە فەڕەنسا و دەڵێن، شانازی بە چالاکییەکانی دایکیانەوە دەکەن.
تەقی ڕەحمانی، ڕۆژنامەنووس، نووسە، مامۆستای زانکۆ و زیندانیی سیاسیی پێشوو لە ئێران کە هاوسەری نێرگز محەممەدییە؛ زیاتر لە 11 ساڵە بەهۆی گوشاری دەزگا ئەمنییەکانەوە، ئێرانی بەجێهێشتووە و لە هاوسەرەکەی دوورکەوتووەتەوە. ئەوان 23 ساڵە لەمەوبەر ژیانی هاوبەشیان پێکهێنا و بوونە خاوەنی کوڕێک و کچێکی دووانە، بەڵام بە هۆی چالاکیی سیاسیییەوە، نزیک نیوەی تەمەنی ئەو ماوەیە لەیەکدی دووربوون.
تەقی ڕەحمانی، هاوسەری نێرگز محەممەدی لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەڵێت: "ئەم خەڵاتە ئەرکەکانی نێرگز زیاتر و قورستر دەکات. سەرنجەکان بەرەو ئێران ڕادەکێشێت. لەبەر ئەوەی خەڵاتەکە بە کەسێک دراوە کە لە زیندانە و لەگەڵ ئەویش ژمارەیەکی زۆر ژن و پیاو لە زیندانن. لە ڕاستیدا ئەم خەڵاتە دراوە بە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی. خەڵاتەکەش هەر بە ناوی ژن ژیان ئازادییەوە ڕاگەیەندرا".
عەلی محەممەدی، کوڕی تەقی و نێرگز کە تەمەنی 16 ساڵە، پاش ئەوەی دایکی لە ساڵی 2015 لە ئێران زیندانی کرا، لەگەڵ خوشکەکەی چوونە فەڕەنسا و لەوکاتەوە لەگەڵ بابیان دەژین. ئەو دەڵێت، ئەم خەڵاتە تەنیا هی دایکی نییە، بەڵکوو هی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە.
کوڕەکەی نێرگز محەممەدی دەشڵێت: "من زۆر شانازی بە دایکمەوە دەکەم لەبەر ئەوەی ئەو شیاوی ئەم خەڵاتەیە؛ ئەم خەڵاتە بۆ کارێکە کە دایکم نیوەی تەمەنی خۆی لەسەر داناوە. ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ دایکم نییە، بۆ خەباتە، بۆ ژن، ژیان و ئازادییە تەنانەت گەورەتریشە".
نێرگز لە زیندانە و ڕۆژنامەنووسان سەرنجیان چووەتە سەر بنەماڵەکەی. ئەوان لە دوو رۆژی ڕابردوودا و پاش ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، بەردەوام دەبێت وڵامی ڕۆنامەنووسان بدەنەوە. کیانای شازدە ساڵە و زیاتر لە حەوت ساڵە لەگەڵ براکەی چوونەتە فەڕەنسا؛ دەڵێت، "جیا لەوەی زیاتر لە حەوت ساڵە لە دایکیان دوورن، زیاتر لە ساڵێک و نیوە نەیانتوانیوە قسەشی لەگەڵ بکەن".
کیانا ئاماژە بەوەش دەکات، "دایکم ناتوانێ نامەمان بۆ بنێرێت. ئێمەش هەوڵمان نەداوە بۆی بنێرین، چونکە پێمان وایە ئەوان نامەکانی نادەنێ. نازانم، من هیچ کات هەوڵم نەداوە نامەی بۆ بنێرم. ئێمە ساڵێک و نیوە و ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێ نەمانتوانیوە ڕاستەوخۆ قسەشی لەگەڵ بکەین".
نێرگس محەممەدی، لە ساڵی 2015وە تا ئێستا تەنیا ساڵێک لە دەرەوەی زیندان بووە و ئێستاش هەر لە زیندانە. بنەماڵەکەی هیوادارن، بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ ببێتە هۆکاری ئەوەی نێرگس زووتر لە زیندان بێتە دەرێ. هەرچەند کۆماری ئیسلامیی ئیران ڕایگەیاندووە نێرگز چەندین جار یاسای پێشێل کردووە و دانی ئەم خەڵاتە بەو، دەستوەردانە لە کاروباری ئێران.