ئێران: زیاتر لە 58 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵیمان هەناردەی عێراق کردووە

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی لە شاری "خوڕەمشەهر" لە باشووری رۆژئاوای ئێران رایگەیاند، لە 21ـی ئادارەوە تا ئێستا، 58 هەزار و 122 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی عێراق کراوە.
یاسر شەریفی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی شاری خوڕەمشەهر، بە ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی راگەیاند، "لە 21ـی ئادارەوە تا ئێستا، 58 هەزار و 122 تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە رێگەی دەروازەی سنووریی شەلەمچەوە هەناردەی عێراق کراوە"، گوتیشی: "بەرهەمەکان لەلایەن پسپۆڕانی رێکخراوەکەوە هەڵسەنگێندراون و پەسەندکراون و مۆڵەتی هەناردەکردنیان پێدراوە".
شەریفی باسی لەبەرهەمەکان کرد و گوتی: "ئەو بەرهەمانەی هەناردە کراون بریتین، لە شوتی، گندۆرە، خەیار، گێزەر، سێو، کاهوو و کەلەرم".
جێگای سەرنجە دەروازەی شەلەمچە گرنگترین دەروازەی پارێزگای خوزستانە لەگەڵ پارێزگای بەسرە، بەو پێیەی بۆ بازرگانی و گواستنەوەی گەشتیاران بەکاردێت.