بەهۆی ئامادەنەبوونی یاریگاکان خولی پیشەگەرەکانی عێراق دوا دەخرێت
بەهۆی ئامادە نەبوونی ژمارەی پێویستی یاریگاکان بۆ وەرزی نوێ، بە رێژەیەکی زۆر خولی پیشەگەرەکانی عێراق دوا دەکەوێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کێشەی ئامادەکردنی یاریگاکانی هەیە بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق، تاوەکو ئێستا تەنیا نۆ یاریگا تەواو ئامادەن بۆ ئەوەی یارییەکانی وەرزی نوێی خولەکەیان لێ بەڕێوە بچێت، لەکاتێکدا بەلایەنی کەم خولەکە پێویستی بە 14 یاریگایە بۆ ئەوەی یارییەکان ئەنجام بدرێن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەوڵ دەدات یارییەکان دابەشی ئەو چەند یاریگایە بکات کە ئێستا ئامادە و بەردەستن، بەڵام بە رێژەیەکی زۆر لەوانەیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ناچار بێت دەستپێکی خولەکە بۆ رۆژی 7ـی مانگی داهاتوو دوابخات، لەکاتێکدا وابڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە بە بەشداریی 20 یانە دەستپێبکات.
یاریگای شەعب کە زۆربەی یانە گەورەکانی بەغدا یارییەکانی لێ ئەنجام دەدەن، لەژێر نۆژەنکردنەوە دایە و تاوەکو ئێستا ئامادە نییە، بەڵام یاریگاکانی هەولێر و زاخۆ و دهۆک و نەورۆز لەو نۆ یاریگایەن کە ئامادەن بۆ میوانداریکردنی یارییەکان، واتە یانە کوردستانییەکان بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق هیچ کێشەیەکیان نییە.