تا ئێستا نزیکەی 12 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەشکراوە

دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان - وێنە: ئەرشیف
دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

بۆ زستانی ئەمساڵ تا ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 12 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر نزیکەی 60 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکانی هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابەشکردووە.

رۆژی یەکشەممە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پرۆسەى دابەشکردنی نەوتی سپی دەستی پێ کردووە و تاکو ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکان، 11 ملیۆن و 969 هەزار لیتر نەوت دابەش کراوە و 59 هەزار و 845 خێزان تێیدا سوودمەند بوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆی سۆران، چوار ملیۆن و 238 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 21 هەزار و 190 خێزان سوودمەند بوون.

هەروەها لە پارێزگاکانى سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان، سێ ملیۆن و 262 هەزار لیتر نەوت بەسەر 16 هەزار و 310 خێزان دابەشکراوە.

لە پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆش، دوو ملیۆن و 576 هەزار و 960 لیتر بەسەر 12 هەزار و 885 خێزاندا دابەشکراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیکردووەتەوە، پرۆسەى دابەشکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ زستانی ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییەکان زوو دەستی پێکرد و پرۆسەکەش تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لەمیانەی راگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستیپێکرد و لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، بودجەی پرۆسی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بۆ زستانی ئەمساڵ، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە، هەر خێزانێک 200 لیتری نەوتی سپی لە بەرامبەر 100 هەزار دینار وەردەگرێت.

Fly Erbil Advertisment