بەهۆی پێشێلکردنی دەستوور هۆشداری دەدرێتە حکومەتی عێراق

بەغدا
بەغدا

K24 - هەولێر

پسپۆڕانی بواری یاسایی و ئەندازیاری پێیان وایە دەرکردنی کەرتی تایبەت پێچەوانەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتە، کە جەخت لەسەر رەخساندنی دەرفەتی گەشەسەندن دەکاتەوە، بەگوێرەی ماددەی 25ـی دەستوور، کە تێیدا هاتووە دەوڵەت گەرەنتی چاکسازیی لە ئابووری دەکات، بەپێی بنەما ئابوورییە مۆدێرنەکان و دڵنیابوون لە وەبەرهێنانی هەموو سەرچاوەکان و هاندانی کەرتی تایبەت.

راوێژکاری لیژنە یاساییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هاتف ئەلروکابی لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەی "سەباح"ـی راگەیاند، "کێشەیەک هەیە کە پەیوەندی بە یاسای کەرتی گشتیەوە هەیە، کە فەرمانگەکانی راوێژکاری بۆ کەرتی تایبەت لە کێبركێکردن دەرکردووە"، بەهۆی ئەوەی کەرتی گشتی بە پشتیوانی حکومەت بەدەستی دەهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد: "سەندیکای ئەندازیاران کە کارەکانی بریتیە لە سەپاندنی رێسا و رێنمایی و بڕیار و چاودێریکردنی کەرتی تایبەت، دەستیکردووە بە دوورخستنەوەی کەرتی تایبەت لە کێبڕکێکردن لەگەڵ کەرتی گشتی".

ئەلروکابی داوای لە حکومەت کرد، بایەخ بەو کێشەیە بدات، لە کاتێکدا پەرلەمان رەچاوی دەرکردنی یاسایەکی ئاشکرا دەکات کە وڵات پابەند دەکات بە هاوکاری و شەفافبوون لەگەڵ کەرتی تایبەت، یان دەرکردنی یاسایەک بۆ هاوبەشی نێوان هەردوو کەرتەکە بۆ گەرەنتیکردنی شارەزایی ئەندازیاری و راوێژکاری.

هەروەها لە "مادەی 25ـی دەستووردا هاتووە، دەوڵەت چاکسازی ئابووری مسۆگەر دەکات بەپێی بنەما ئابورییە مۆدێرنەکان لەجیاتی ئەو پەراوێزخستنە ناڕەوایەی کە بووە هۆی داڕمانی زۆرێک لە باڵەخانەکان، ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی شارەزایی ئەندازیاری بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکان".

ئەندازیار خالید ئەلجابری، سەرۆکی دامەزراوەی ئوسوڵ بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند: راگرتنی ماددەی 18ـی لە یاسای کۆمپانیاکان ژمارە 21ـی ساڵی 1997 بە بڕیاری 64ـی ساڵی 2004، بە فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان بووە، کە دامەزراندنی کۆمپانیاکان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی کواڵێتی کارەکان.

ئەلجابری دەشڵێت: "ئەو ماددانەی لە یاسای ژمارە 16ی ساڵی 2000 بۆ فەرمانگە راوێژکارییە ناحکومییەکاندا هاتووە، جەختیان لەسەر بەکارهێنانی شارەزایانی عێراقی و ڕەخساندنی هەلی کار و بەهێزکردنی کەرتی ئەندازیاری و دانانی ژینگەی کارکردن لە چوارچێوەی دۆخی کێبڕکێدا کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە لەگەڵ دەستوور و بنەما گشتییەکانی ناو یاساکەدا یەکدەگرێتەوە."

پێیشی وایە "فەرمانگەی راوێژکاری هەیە کە لە رووی توانا و ئەزموون و بەهێزکردنەوە لە ئۆفیسی سەندیکای ئەندازیاران باشترە، جگە لەوەش سەندیکا لە رۆڵی خۆی لە سپۆنسەرکردنی ئەندازیارانی عێراقییەوە بۆ کێبڕکێکردن دوورکەوتووەتەوە".

 

یاسای گرێبەستی حکومەت کە بەپێی فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانی ژمارە 87ـی ساڵی 2004 دەرچووە، کە بنەمای کێبڕکێی گشتی و دادپەروەرانە و ئاشکرای وەک بابەتێک پەسەند کردووە پێویستە بۆ گەشەی ئابووری بە هاندانی بازرگانی ئازاد، یاسای کار، ئاراستەکانی حکومەت، و بەرنامەی حکومەت کە بە بڕیارنامەی ژمارە 18ـی ساڵی 2022 ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکراوە.