سوپای عێراق لە سەربازگەی ئەنفال کشایەوە

سەربازگەی ئەنفال لە گوندی تۆپزاوە - فۆتۆ: هێمن دەلۆ - کوردستان24
سەربازگەی ئەنفال لە گوندی تۆپزاوە - فۆتۆ: هێمن دەلۆ - کوردستان24

K24 – کەرکووک

دوای ئەوەی دوێنێ خەڵکی گوندی تۆپزاوە، دژی جێگیرکردنی سوپای عێراق لە سەربازگەی ئەنفال گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و ئەمڕۆ فیرقەی 11ی سوپای عێراق لە سەربازگەکە کشایەوە.

سەر لە بەیانی دوێنێ دووشەممە 16/10/2023، هێزێکی فیرقەی 11ی سوپای عێراق، چوونە ناو سەربازگەی ئەنفال لە گوندی تۆپزاوە، کە ئەو سەربازگەیە وەک هێمای ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعسە دەرحەق بە خەڵکی ناوچەکە، چونکە لەکاتی ئەنفال رژێمی بەعس خەڵکی دەستگیرکردووە و بردونیەتە ئەو سەربازگە و لەوێوە رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەری کردون، بۆیە خەڵکی تۆپزاوە داوا دەکەن سەربازگەی ئەنفال بکرێتە مۆزەخانە نەک وەکو سەردەمی بەعس جارێکی دیکە هێزی سەربازی لێ جێگیر بکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی دوێنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی بابەتی بە سەربازگە کردنی گوندی تۆپزاوەیان کردووە و سوودانی بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکات و چارەسەری بکەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، دوای ئەو هەوڵانەی شاخەوان عەبدوڵڵا و فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فشاری خەڵکی گوندی تۆپزاوە، ئەمڕۆ سوپای عێراق لە سەربازگەی ئەنفال کشایەوە.

هاووڵاتییانی گوندی تۆپزاوە خۆشحاڵن بە کشانەوەی سوپای عێراق لە سەربازگەی ئەنفال و هاووڵاتییەک دەڵێت: "کوردستان24 بووە فریادرەس بۆ خەڵکی گوندی تۆپزاوە، لە دوێنێوە دەنگی ئێمەتان گەیاند و هەمیشە لەگەڵمان بوونە، هەروەها دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەم بەتایبەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، لەم دوو رۆژە چەندین جار بە تەلەفۆن پەیوەندییمان پێوەکردووە و بەردەوام لەگەڵمان لەسەر خەت بووە".

Fly Erbil Advertisment