دانا جەزا: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بڕیاری بەغدا لای هەندێک لایەنی سیاسییە
K24 – هەولێر
دانا جەزا ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بڕیاری بەغدا لای هەندێک لایەنی سیاسییە، نەک حکومەتی عێراق.
دانا جەزا، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، گوتی: "لە بەغدا بڕیار لای حکومەتی عێراق نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵکو بڕیار لای لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەستن بە بابەتی ستراتیژی و گرنگ، ئەو لایەنە سیاسییانەی لە پشتی پەردەوە حکومەتی عێراق بەڕێوەدەبەن ئەوانە کاریگەریان لەسەر هەر پرسێک کە پێویستی بە بڕیار بێت، بۆیە دەبێ لەوان بپرسین کە نیەتیان هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان یان نا؟".
گوتیشی: "ناتوانین بڵێین لە بەغدا نیەتێکی سەدا سەد هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە هەرکاتێک لەسەر چەند مەلەفێک بگەین بە رێککەوتن ئەوان مەلەفی دیکە دەدۆزنەوە، ئەوە هەم دروستکردنی فشارە لەسەر هەرێمی کوردستان هەمیش سەرقاڵکردنی شەقامە، هەروەها دەیانەوێت بڵێن کە لە بەغدا بە مەرکەزی بڕیار دەدەن".
دانا جەزا، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا عێراق گۆڕەپانێکی ئامادەسازە، بۆ ئەوەی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی کێشەکانیان بێنە ئەو گۆڕەپانە، ئەو بابەتانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بەشێکی پەیوەستن بەوەی کە ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر دەستوور، کێشە هەیە لەسەر مافەکان و لێکتێگەیشتن نییە بۆ بابەتی فیدراڵیەت لە عێراق، هاوکات پەشیمان بوونەوەیەک هەیە لەلایەن هەندێک لایەنی عێراق کە پێیان وایە دەبوایە عێراق فیدراڵی نەبوایە، بەڵکو وەکو پێشتر مەرکەزی بوایە و هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگایەک بوایە، هەر بۆیە ئێستا رێگری لە سوننەکان دەکەن هەرێمێکی دیکە لە عێراق دروست بکەن، هەروەها دەستوەردانێکی هەرێمی هەیە لە عێراق کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، رەنگە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ ئەوەبێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن یان رێگری لە گەشەکردنی بگرن".
باسی لەوەشکرد: "بابەتی بودجە و مووچە مافە نەدەبوو بچێتە نێو هاوکێشە سیاسییەکان، بەشێک لە لایەنەکان سوودمەندن لە کێشەکانی عێراق، دەیانەوێت بەردەوام کێشەی سیاسیی و ئەمنی هەبێت، ئەوە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەندێک لایەن گرووپی جیاجیا دروست بکەن".