3 یاریزانی دیكه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا تاوانبار ده‌كرێن

به‌شێك له‌ یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا
به‌شێك له‌ یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا

فابریزیۆ کۆرۆنا رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ناوی سێ یاریزانی دیکە ئاشکرا دەکات، کە هاوشێوەی تۆنالی و فاگیۆلی گرەویان لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە، ئەو سێ یاریزانە هەرسێکیان لە ریزی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یاریی دەکەن.

تۆپی پێ ئیتاڵیا بەهۆی گرەو کردنی بەشێک لە یاریزانە دیارەکانی کەوتووەتە دۆخێکی قورس و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو یاریزانانەی گرەویان بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە، زیاد دەبێت و سێ یاریزانی دیکەش لەسەر ئەم بابەتە تۆمەتبار کراون.

چەن هەفتەیەک لەمەوبەر بوو کاتێک فابریزیۆ کۆرۆنا، ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی، ناوی چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێی وڵاتەکەی لە گرەوکردنی نایاساییدا ئاشکرا کرد و پاشان ئەو سێ ئەستێرەیە دانیان بە تۆمەتەکانیاندا ناوە و یەکێکیان بۆ ماوەی حەوت مانگ سڕ کرا.

ئەو سێ کەسەی پێشتر لەم دۆسیەیەدا تۆمەتبار کرابوون بریتی بوون لە نیکۆلۆ فاگیۆلی یاریزانی لاوی یانەی یوڤێنتوس و ساندرۆ تۆنالی لە یانەی نیوکاسڵ و نیکۆلۆ زانیۆلۆ یاریزانی یانەی ئەستۆن ڤێلا. داواکاری گشتی لە ئیتاڵیا نیکۆلۆی فاگیۆلی بە فەرمی بۆ ماوەی حەوت مانگ سزادا.

ئەو سێ ناوەی لەلایەن فابریزیۆ کۆرۆنا ئاشکرا کراون بریتین له فێدریگۆ گاتی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی یوڤێنتوس، ستێفان شەعراوی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی رۆما له‌گه‌ڵ نیکۆلۆ کاسالی لە ریزەکانی یانەی لازیۆ و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.

دوای ئاشکرا کردنی ناوی ئەو سێ یاریزانە، داواکاری گشتی ئیتاڵیا تا ئێستاش بێدەنگە و ڕوون نییە کە ئایا ئەم سێ کەسە لە دۆسیەی گرەوکردنی نایاساییدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە یان نا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیک، ئەوانیش دادگایی بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە ساندرۆ تۆنالی یاریزانی پێشووی یانەی ئەیسی میلان و ئێستای یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگڵتەرا، دانی بەوەناوە کە پێشتر گرەوی لەسەر یارییەکانی یانەکەی پێشووی واتە میلان کردووە، بۆیە سزایەکی قورس چاوەڕێ ئەو یاریزانەش دەکات.

Fly Erbil Advertisment