دایک و کچێک نرخی نەوتیان لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزاند

نرخی نەوت دابەزی
نرخی نەوت دابەزی

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ئازادکردنی دوو بارمتەی ئەمەریکی راگەیاند، نرخی نەوت لە دوا مامەڵەکانی حەفتەدا دابەزی.

دوای هێرشەکەی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل؛ چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس زیاتر لە 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلی و بیانییان رفاند و بردوونی بۆ غەززە. دوای 14 رۆژ لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، شەوی رابردوو (هەینی 20ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بۆ جاری یەکەم دوو بارمتەی ئەمەریکی کە دایک و کچێک بوون؛ لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ئازادکران.

ئەبو عوبەیدە، گوتەبیژی بزووتنەوەی حەماس لەوبارەوە رایگەیاند، لەسەر بنەمای مرۆیی، دایک و کچێکی ئەمریکییان ئازادکردووە بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی ئەمەریکا و جیهان بسەلمێنن کە بانگەشەکانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و "ئیدارە فاشیستەکەی ناڕاست و بێ بنەمان".

ئازداکردنی ئەو دایک و کچە لەلایەن جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا شەوە پشتڕاستکرایەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی ئەمەریکیمان مسۆگەرکرد کە لەلایەن حەماسەوە لە کاتی هێرشە تیرۆریستییە تۆقێنەرەکەی دژی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەر بە بارمتە گیرابوون."

رۆژی هەینی 20ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە دوا رۆژی حەفتەی مامەڵەکانی بازاڕە جیهانییەکانی نەوت؛ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت و تێکساسی ئەمەریکی بە زیاتر لە دۆلارێک بەرزبووەتەوە و بەرمیلکەی برێنت بە نزیکەی 94 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی دوو بارمەتە لە نێو بازاڕەکان، نرخی نەوتی برێنت بۆ 92.51 دۆلار دابەزی.

ئازادکردنی  هەردوو بارمتە ئەمەریکییەکە، هیوای بە بازرگانانی نەوت دا کە شەڕەکە فراوان نابێت بە شێوەیەک کە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راستەوخۆ بەشداری لە شەڕەکەدا بکەن و ببێتە هۆکارێک بۆ ئاستەنکگردنی هەناردەی نەوتی وڵاتانی عەرەبی و ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.


ئامادەکردن: کاوار ساڵح