مەسعود حەیدەر: لە چاکسازی سیستەمی بانکی هەرێمی کوردستان لە پێش عێراقە
K24 - هەولێر
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، لە چاکسازی سیستەمی بانکی هەرێمی کوردستان پێش عێراق کەوتووە.
مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵی یەکەمی کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر رایگەیاند: "پێویست ناکات حکومەت بانکی هەبێت، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی، لەو بابەتە هەرێمی کوردستان پێش عێراق کەوتووە، بانکەکانی داوەتە کەرتی تایبەت، بە بڕوای من گرنگە لە بانکەکانی حکومەت رێکبخرێتەوە و هەماهەنگی پتەو هەبێت لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، چونکە ئەرکی دارایی زۆریان لەسەرە و کادیری زۆر زیاد لە پێویستیان هەیە، هاوکات پارەی زۆر لە بانکەکان دانراوە، کە دەکرێت ئەو پارەیە بۆ پشتیوانی لە پڕۆژە پیشەسازی، کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "وەزارەتی دارایی عێراق رۆڵی هەیە لە کارنامەی حکومەت، بانکەکان راستەوخۆ پەیوەندییان هەیە بە بانکی ناوەندیی و لەژێر فەرمانی پاریزگاری بانکی ناوەندیدان، ئەو سیستەمە بانکییە گشتگیرە دەبێ بەشێوەیەک بێت سیستەمی هەموو بانکەکان ببێتە ئەلیکترۆنی، ئەمە شەفافییەت دروست دەکات، کە ئەمە وەکو نەخشەڕیگایەک دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی بانکەکان چۆن چالاکیان هەبێت بۆ پێشخستنی ئابووری دەوڵەت".