ژنان شه‌ڕیان له دژی پیاوان ڕاگه‌یاند
ژنانی سعودی داوای نه‌هێشتنی پیاوسالاری ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
ژنانی سعودیه هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه، و داوا ده‌كه‌ن سایه‌ی به‌خێوكه‌ره‌كانیان و پیاوسالاری و خاوه‌ندارێتی پیاو له‌سه‌ر ژنان هه‌ڵبگیرێت.
ئه‌م داوه‌یه له سعودییه وه‌ك بوركانێك بوو و گفتوگۆیه‌كی زۆری به دوای خۆیدا هێنا،پاش ئه‌وه‌ی به ده‌یان كه‌س پاڵپشتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان كرد و بوێرانه داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌یان كرد، كه پیاوانی زاڵكردووه به‌سه‌ر ژناندا و یاساكان له خزمه‌تی پیاوسالاریدا ده‌بینن.
هه‌زاران كه‌س له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی " تویته‌ر " له‌وباره‌وه تویتیان كردبوو، ئه‌م ناونیشانه‌یان بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان دانابوو #سعوديات_نطالب_باسقاط_الولاية.
ئه‌م بابه‌ته‌ش وه‌ك هه‌ستیارترین پرس داده‌نرێت له‌و وڵاته‌دا و چاوه‌ڕوانكراوه كه وه‌ك چۆن پاڵپشتیكاری هه‌یه، نه‌یارێكی زۆریشی بۆ په‌یدا ببێت.
تا ئێستا زیاتر له " 75 " هه‌زار كه‌س له‌و باره‌وه تویتیان له تویته‌ر كردووه و پاڵپشتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ن،و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌شداران زیاتر ببن.
له‌م گفتوگۆیه گه‌رمه‌دا به‌شداران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، هه‌ر لایه‌كیان بیسه‌لمێنن كه زیاترن و زۆرترین به‌ڵگه‌یان له ده‌سته و باشتر به‌رامبه‌ره‌كانیان تێده‌گه‌یه‌نن و باوه‌ڕ به په‌یامه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك له نه‌یارانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش نوسیویانه، پیاوسالاری باشه و به‌و هۆیه‌وه پیاوان ژنان ده‌پارێزن و گه‌ره‌نتیین بۆ داهاتووی ژنان، و ئه‌و یاسایانه وه‌ك ڕێگر نابینن له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ژنان خۆیان سه‌رۆكاری پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به ژیانیان بكه‌ن، پێیانووایه له كاتی بوونی هه‌ر زوڵم و زۆرێك ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆلای یاسا و بچنه دادگا.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌شدارن ژنانن، به‌ڵام به‌شێك له پیاوان و ته‌نانه‌ت چه‌ند زانایه‌كی ئاینی و چه‌ندین ڕۆژنامه‌وانیش پاڵپشتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ن.
هه‌ندێك له به‌شداران په‌یامی جیاواز ده‌ده‌ن، یه‌كێك نوسیوویه‌تی، باوه‌ڕناكرێت ژنێك بیه‌وێت سایه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌سه‌ر لابچێت كه پیاوه، بۆیه چاره‌سه‌ر نه‌مانی پیاوسالاری نییه به‌ڵكو خۆشه‌ویستی چاره‌سه‌ره، #الحب_هو_الحل.

یاساكانی سعودییه له زۆر بواردا ژنانیان خستۆته ژێر سایه‌ی پیاوانه و به تایبه‌تی له كاتی خواستی گه‌شتكردن،هاوسه‌رگیریكردن، ته‌نانه‌ت كاركردن، و هه‌ندێك جار چاودێری ته‌ندروستی،یان به‌كرێگرتنی خانوو و شووقه،و به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵای یاسایی، به‌بێ به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی " وه‌لی ئه‌مر" ناتوانێ هه‌نگاو بنێ.