جەواد شەکرچی سەردانی دامەزراوەی کوردستان24 دەکات

K24 – هەولێر:
جەواد شەکرچی، هونەرمەندی ناوداری عێراقی سەردانی دامەزراوی کوردستان24 دەکات و لەلایەن ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکەوە پێشوازی لێکرا.
رۆژی هەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) جەواد شەکرچی، ئەکتەر و هونەرمەندی ناوداری عێراقی کە لەم ساڵانەی دواییدا وەک پێشکەشکاری بەرنامە لە میدیا عەرەبی و عێراقییەکان ناسراوە، سەردانی دامەزراوەی کوردستان24ـی کرد.
لەمیانی سەردانەکەیدا، جەواد شەکرچی سەرسامی خۆی بە کارەکانی دامەزراوەی کوردستان24 دەربڕی و ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک نیشاندا.
جەواد شەکرچی لە ساڵی 1951 لە بەغدا لەدایکبووە و دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدایە لە ساڵی 1978 و خاوەنی دەیان کاری هونەری بەناوبانگە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
شەکرچی لە شانۆ، دراما و سینەمادا، چەندین کاری هونەری ئەنجامداوە کە دەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی هونەریی عێراق و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە و ئێستاش لە یەکێک لە کەناڵە دیارە عەرەبییەکاندا، پێشکەشکاری بەرنامەیەکی کێبڕکێی خێزانییە کە لە سۆشیال میدیادا دەنگدانەوەی زۆری هەیە.