ئابووریناسێک: عێراق لە جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین زیانمەند دەبێت
K24 - هەولێر
ئابووریناسێک رایدەگەیەنێت، شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین بە رێژەی 1.7% زیانی بە جیهان گەیاندووە، کە قەبارەکەی نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار دەبێت، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی لە رووی ئابوورییەوە زیانی بەر دەکەوێت.
د. نەوزاد مەجید، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین، بە رێژەی1.7% زیانی گەیاندووە بەگەشەی ئابووری جیهان گەیاندووە، کە قەبارەی زیانەکە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلارە، کە ئەمە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر لە هەندێک وڵاتی دیکە، رەنگە کاریگەرییەکەی بە ئاسانی هەستی پێنەکرێت، بەڵام لە بەردەوامی ئەم جەنگە کاریگەرییەکای زیاتر دەبن".
گوتیشی: "هەر دەستوەردانێکی لایەنی سێیەم لەم جەنگە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 150 دۆلار هەیە، ئەمەش بۆ عێراق و وڵاتانی دیکەی خاوەن نەوت بە قازانج دەشکێتەوە، بەمەرجێک نەخزێنە ناو ئەو جەنگەوە".
ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕە، پشکی بەشێک لە کۆمپانیاکان دادەبەزێنێ و دڵەڕاوکێی ئابووری بۆ بازارەکانی جیهانیی و ناوخۆییەکان دروستکردووە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری و وەستاندن یان خاوبوونەوەی گەشەی پیشەسازی وەبەرهێنان، کە ئەمەش کاریگەری هەڵئاوسان دروست دەکات، لە هەڵاوسانی نرخ و کشانەوەی سیولەی بازرگانە جیهانی و ناوخۆییەکانی عێراق و کوردستان.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد. به گوێرهی ئاماری تهندروستی غەززە، تائێستا حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوونە.
تەندروستی غەززە روونیکردووەتەوە، لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکان، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
هاوکات بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندارن.
ئا: لاڤین عومەر