پزیشکانی بێ سنوور: زیاتر لە 20 هەزار بریندار لەکەرتی غەززە هەن
K24- هەولێر
پزیشکانی بێ سنوور رایانگەیاند، زیاتر لە 20 هەزار بریندار هێشتا لە کەرتی غەززەدان، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە یەکەم کاروانی بریندارەکان لە کەرتی غەززەی فەڵەستینەوە گواسترانەوە میسر لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە.
رێکخراوە مرۆییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی کرد، "زیاتر لە 20 هەزار بریندار هێشتا لە غەززەدان، بەهۆی گەمارۆدان و بۆردومانە بەردەوامەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی سنووردارە.
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، 22 کارمەندە نێودەوڵەتییەکەیان توانیویانە غەززە بەجێبهێڵن، بەڵام داوای کردووە کە رێگە بە ژمارەیەکی زیاتری دانیشتوانی غەززە بدرێت کەرتی غەززە بەجێبهێڵن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەبێت ڕێگە بەو کەسانە بدرێت کە دەیانەوێت غەززە بەجێبهێڵن بەبێ دواکەوتنی زیاتر، هەروەها داوای دەستبەجێ ئاگربەست دەکات.
بە گوتەی بەرپرسێکی میسری، رۆژی چوارشەممە 76 برینداری فەڵەستینی و 335 کەسی بیانی کە دوو رەگەزنامەیان هەیە توانیان کەرتی غەززە بەجێبهێڵن، ئەمەش یەکەم رێگە پێدانە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لە رێکخراوە ناحکومییەکان پێشتر هۆشدارییان دابوو سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری مرۆیی لە کەرتی غەززە کە ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسە.
بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە 61 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی چوونەتە ناو کەرتی غەززە، پزیشکانی بێ سنوور دەشڵێن: "پێویستە رێگە بە پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان و کارمەندانی مرۆیی بدرێت بچنە ناو غەززە، کە نەخۆشخانەکان قەرەباڵغن و سیستمی تەندروستی مەترسیی داڕمانی تەواوەتی لەسەرە".