میسر ئامادەکاری دەکات لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە پێشوازی لە حەوت هەزار بیانی بکات

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە حەوت هەزار کەسی بیانی، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی گواستنەوەکان لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە.

بەرپرسێکی میسری لە دەروازەی رەفەحەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمەڵێک لە هەڵگرانی پاسپۆرتی بیانی لە کەرتی غەززەوە لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە گەیشتنە میسر.

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوو پاس چوونەتە دیوی میسرەوە، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانە دیاری بکات کە پەڕیونەتەوە، بەرپرسێکی فەڵەستینیش رۆیشتنی دوو پاسی راگەیاند و گوتی: لە کۆی 400 کەسی بیانی، 100 سەرنشینی بیانی پەڕیونەتەوە میسر.

وەزراەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا پشت راستیکردەوە، ئیسماعیل خەیرات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری کونسوڵخانەی میسرییەکانی دەرەوەی وڵات گوتی: لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دیپلۆماتکارانی دەرەوە تاوتوێی ئامادەکارییەکان دەکات بۆ کارئاسانیکردن و پێشوازیکردن و گواستنەوەی هاووڵاتیانی بیانی لەکەرتی غەززەوە بۆ میسر لەرێگەی دەروازەی رەفەحەوە.

خەیرات دەشڵیت: ژمارەی ئەو کەسانەی وڵاتەکەی بەنیازە وەرییانبگرێت "نزیکەی حەفت هەزار هاووڵاتی بیانییە کە خاوەنی رەگەزنامەی زیاتر لە 60 وڵاتی جۆراوجۆرن".

جگە لەوەش بەرپرسێکی میسری پشتڕاستی کردەوە، "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ 400 کەس کە پاسپۆرتی بیانییان هەیە بپەڕنەوە، لەگەڵ 60 لەبریندارەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی چوارشەممە، 76 برینداری فەڵەستینی و 335 کەسی بیانی کە دوو رەگەزنامەیان هەیە، لە رێگای دەروازەی رەفەحەوە غەززەیان بەجێهێشتووە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە میسرییە لە دەروازەی رەفەح، لە کاتی یەکەم وەرگرتندا، یەکەمجار بریندارەکان وەرگیراون، دواتر ئەوانەی پاسپۆرتی بیانییان هەبوو پەریونەتەوە، کە لە نێویاندا ئەمەریکی، ئیتاڵی، فەرەنسی، ئوسترالی و نەمسا.

دیپلۆماتکارێک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دەروازەکە دوای ڕێککەوتنی نێوان میسر و ئیسرائیل و حەماس کراوەتەوە، بە نێوەندگیری قەتەر و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا.

 ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لیستێک بۆ دەسەڵاتدارانی میسر نێردراوە کە چوار هەزار برینداری تێدایە کە پێویستیان بە چاودێری هەیە کە لە کەرتی غەززە بوونی نییە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو بریندارانە بتوانن بڕۆن، چونکە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، دەبێت ژیانیان ڕزگار بکەین.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8805 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.