هه‌ڤپه‌یڤینی کوردستان24 لەگەڵ بیرمه‌ند و رۆشنبیر فه‌همی هوێدی لە بەرنامەی كورد له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا
K24 - هەولێر:
له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیرانی عه‌ره‌بی به هه‌موو ئاراسته جیاوازه‌كانییه‌وه، ژماره‌یه‌كیان سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ پرسی كورد هه‌بووه و له‌باره‌یه‌وه توێژینه‌وه‌یان كردووه و بۆچوونه‌كانیان نووسیوه و ده‌ربڕیوه. فه‌همی هوێدی وه‌ك یه‌كێك له بیرمه‌ند و رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب كه هه‌ڵگری ئاراسته‌یه‌كی ئایینییه، ساڵانێكه كوردی ناسیوه و ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌رم كردووه و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی بۆ باسكردنی به‌كارهێناوه و تا راده‌یه‌كیش بۆچوونه‌كانی سه‌رنجڕاكێش بوونه و كاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنیان له لای رۆشنبیرانی كورد دروست كردووه. ئه‌لقه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌ی "كورد له روانینی هاوچه‌رخدا" كه له‌لایه‌ن عه‌لائه‌ددین ئال ره‌شی له كوردستان24 پێشكه‌ش ده‌كرێت، له قاهیره‌وه میوانداری ناوبراوی كردووه و بۆچوون و سه‌رنجه‌كانی سه‌باره‌ت به كورد و مێژوو و دۆزه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان24ـی داوه‌ته‌وه.
كوردستان24: جه‌نابت وه‌ك یه‌كێك له میدیاكارە عه‌ره‌بییه‌كان، چۆن ده‌ڕوانیته كورد وه‌كو مێژوو و شارستانییه‌ت و گه‌ل؟
فه‌همی هوێدی: ئه‌سته‌مه ئه‌و چه‌مكانه له‌و وشه بچووكانه‌دا كورت بكرێنه‌وه، واتا مێژوو و شارستانییه‌ت و گه‌ل چه‌مكی زۆر فراوانن و پێویستییان به قسه‌كردنی زۆر هه‌یه، به‌ڵام من وه‌كو به‌شێك له جیهانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها وه‌كو به‌شێك له شیرازه‌ی گشتی له‌و ناوچه‌یه، كه نه‌یتوانیوه مافه سرووشتییه‌كانی وه‌ربگرێت، به‌ڵام كاتێك داوای مافه‌كانی ده‌كه‌ین، ده‌یانخه‌ینه ناو لیستی مافخوراوه‌كان له جیهانی عه‌ره‌بیدا، ئه‌وانیش مافگهلێكن.
كوردستان24: دوور له مێژوو، تۆ چ په‌یوه‌ندییه‌كت له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه؟ چۆن لێیان ده‌ڕوانیت؟
فه‌همی هوێدی: نه‌خێر واتا من به‌و شێوه‌یه بیرم له هه‌ریه‌ك له سه‌ید محه‌ممه‌د كورد عه‌لی، هاوكارمان دووڕیه عه‌ونی، مامۆستا عه‌قاد و ئه‌و میدیاكارانه‌ی جیهانی ئیسلامی نه‌كردووه‌ته‌وه كه ئه‌وان كوردن، ئه‌مه هیچ كات به مێشكمدا نه‌هاتووه، من به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵیان ده‌كرد، كه ئه‌وان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كن و مافی رێزلێگرتنیان هه‌یه، هه‌روه‌ها وه‌كو موسڵمان و ئه‌دیبان و به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ی له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا هه‌ن، دواتریش به‌شداریكردنیان شتێكی ئاسایی بوو، هه‌روه‌ها هه‌میشه به‌بیرم ده‌هێنمه‌وه، كه له شانه‌ی سه‌ره‌تایی مێژووی ئیسلامی‌دا سه‌لمانی فارسی و سوهه‌یبی رۆمی و بیلالی حه‌به‌شی هه‌بوون، پابه‌ندبوونیان به نه‌ته‌وایه‌تی و ره‌گه‌زایه‌تی خۆیان نه‌بوو، كه بووه هۆی پارێزگاریكردن له پێگه و رێز و مافه‌كانیان، دواتریش كاتێك ده‌بینین توێژێك رووبه‌ڕووی مافخوران بووه‌وه، ئه‌وكات له‌گه‌ڵیان ده‌وه‌ستینه‌وه به‌وه‌ی كه ئه‌وان به‌شێكن له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، كه پێویسته مافه‌كانی له رێزگرتن و ته‌قدیر به‌ده‌ستبهێنێت.
كوردستان24: له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌نابت راسته‌وخۆ به مافه‌كان و ئه‌و شتانه ده‌ستتپێكرد، كه ده‌كرێت بڵێین: تائێستا نه‌دراون، تۆ ئاماژه‌ت به ده‌سته‌واژه‌یه‌ك كرد: (ئیسلامی گه‌شتیاری)، ئه‌گه‌ر له قسه‌كردن له‌باره‌ی كورد ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه داماڵین، ده‌بینین هاوسۆزییه‌كی گه‌وره هه‌یه و له‌گه‌ڵ هه‌ر رووداوێكیش كه له جیهانی ئیسلامی رووبدات، موسڵمانی ئیگۆر و چیچان و ئه‌فغانستان، كاتێك كار به پرسێكی سته‌مكاری ده‌گات كه په‌یوه‌ندیی به كاروباری كورده‌وه هه‌یه، جۆرێك له ساردی به هه‌سته‌كاندا دێته ئاراوه، كه له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی دیكه‌دا جیاوازتره، هۆكاری ئه‌مه چییه؟ ئایا ئه‌مه جۆرێكه له ئیسلامی گه‌شتیاری میزاجی و بێ ئینتیمایی؟
فه‌همی هوێدی: یه‌كه‌م: رێگه‌م پێبده بڵێم، ئه‌مه ته‌نیا له‌سه‌ر پرسی كورد قه‌تیس نابێت، چونكه موسڵمان له چین و میانماریش هه‌یە، كه رووبه‌ڕووی جینۆساید ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها له هیندستانیش رووبه‌ڕووی سته‌مكاری و بێڕێزی ده‌بنه‌وه، وه‌كو ده‌یبینین و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین، له‌كاتێكدا ده‌بینین سه‌رۆكوه‌زیرانی هیندستان له یه‌كێك له وڵاتانی كه‌نداو به رێز و گه‌رمییه‌وه پێشوازیی لێ ده‌كرێت، واتا وێڕای ئه‌وه‌ی كه من دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه كورد به‌و مافانه‌ی نه‌گه‌یشتووه كه شایه‌نییه‌تی و خۆی له رێز و تهقدیردا ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا به‌رامبه‌ر به كورد نه‌كراوه، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ژماره‌یان و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆزه‌كه‌یان له‌ناو دڵی جیهانی عه‌ره‌بیدا بڵاوبووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه سه‌رنجی زیاتریان له‌سه‌ر بێت، به تایبه‌ت كه دۆزه‌كه‌یان به‌رده‌وام زیندووه و كورد خه‌باتێكی به‌رده‌وامی هه‌یه و ئامانجه‌كانی فره‌جۆرن، به‌ڵام بوونی كورد له واقعی عه‌ره‌بیدا به‌هێزتره له بوونیان له واقعی سیاسی.
كوردستان24: واتا چۆن؟
فه‌همی هوێدی: چونكه له جیهانی عه‌ره‌بیدا هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌خشه بۆ سیاسه‌ت نهكێشراون زۆر به باشیش ئه‌و نه‌خشانه ده‌زانێت كه هەیە و ئه‌وه‌ش ده‌زانێت كه پارچه‌كردنی كورد و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر چوار پێنج وڵاتی ناوچه‌كه‌دا له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو له رێگه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌سازییه بوو كه بۆ دابه‌شكردنی جیهانی عه‌ره‌بی كێشراوه و له‌و رێگه‌یه‌وه ویستوویانه هیچ ئاماده‌ییه‌ك بۆ كورد نه‌بێت و به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك وڵات‌دا دابه‌شكراون، به‌و شێوه‌یه‌ی كه خواسته‌كانیان و ئه‌و ئامانجه‌یان بچووك بكرێنه‌وه، كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، به تایبه‌ت كه ئێمه ده‌زانین، كه هه‌ندێك وڵات له‌گه‌ڵ لایه‌نه بیانییه‌كان یارییان به كارتی كوردی كردووه، هه‌ر له ئیسرائیل بگره تاکو ده‌گاته فەڕه‌نسا و ئه‌مریكا، ئێمه ئه‌وه ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی كورد له ئاماده‌یی و رێزگرتن بسڕدرێنه‌وه، ئەوەیە كه پاڵپشتی لێ ده‌كه‌ین و داوای ده‌كه‌ین، نه‌ك ته‌نیا بۆ كورد، به‌ڵكو بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و گه‌له.
كوردستان24: به‌ڵێ، به‌ڵام چۆن؟ بۆ نموونه ئێستا ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ باسی دۆزی كورد ده‌كه‌ین! ئێوه چۆن لێی ده‌ڕوانن؟ دوور له بابه‌تی پشكپشكێنه‌ی سیاسی و ئه‌وانی دیكه، ئه‌مڕۆ ئه‌وان له حاڵه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌دان و له هه‌ندێك وڵاتی وه‌كو سووریا كورد له رهگهزنامهكهشیان بێبه‌ش كراوه و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی فه‌رمییان نییه، كه بسه‌لمێنێت سه‌ر به وڵاتێكن، له كاتێكدا ماوه‌ی سه‌دان ساڵه خاوه‌ن خاك و موڵكن، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری توركیا، واتا ناوچه‌كانیان ته‌واو كوردیین و له مافه‌كانیان بێبه‌شكراون، تۆ وه‌كو رووناكبیر و میدیاكارێكی عه‌ره‌بی چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌م پرسه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵی؟
فه‌همی هوێدی: به رای من دۆزی سه‌ره‌كی بریتییه له مافی مرۆڤ له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، چونكه ئه‌و مافخوراوانه كه جه‌نابت ئاماژه‌ت پێدا، به‌شێكیان له ناوچه‌ی كه‌نداو نیشته‌جێن، ئه‌وانیش مافه‌كانیان خوراوه و من پێموایه توێژێك له وڵاتانی كه‌نداویش هه‌یە، ناویان نراوه (بدون)، لێره مه‌به‌ست له وشه‌ی (بدون) ئه‌وه‌یه كه خاوه‌نی هیچ شتێك نین، به‌ڵام له كوردیدا دۆزینه‌وه‌ی ماناكه‌ی وه‌كو وشه تۆزێك ئه‌سته‌مه، بیریش له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه رۆژێك له رۆژان هه‌موومان ده‌بینه (بدون)، به‌ڵام به پله‌ی جیاواز، لێره‌دا بێبه‌شكردنێكی به‌هێز له مافی كه‌رامه‌تدا هه‌یه، رێگریش له ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و كهرامهتهدا هه‌یه له‌سه‌ر رووبه‌رێكی فراوانی جیهانی عه‌ره‌بی، جا ئه‌و مافخورانه كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه مرۆڤ له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا ئه‌و مافه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێناوه كه شایه‌نی خۆیه‌تی، هه‌ر له كه‌رامه‌ت و به‌شداریكردن، باوه‌ڕیشم وایه رێككه‌وتنێك هه‌یه بۆ نه‌بوونی رۆڵی گه‌لانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام ئه‌و نه‌بوونییه‌ش پله‌ی جیاوازی هه‌یه، هه‌ندێكیان نه‌بوونی ره‌هان، هه‌ندێكیان كۆتوبه‌ند كراون و به‌شێكی دیكه‌شیان نه‌بوونی لاوازن، به‌ڵام بنچینه‌كه‌ی هه‌ر نه‌بوونه، واتا به‌داخه‌وه له وڵاتانی عهربیمان گه‌لان ناسنامه‌كانیان هه‌ر چییه‌ك بێت، عه‌ره‌بی، كوردی یان هه‌ر ناسنامه‌یه‌ك، وه‌كو چۆن ده‌بینین ئه‌مازیغه‌كانی باكووری ئه‌فریقیا، هه‌موو ئه‌م گه‌لانه كه‌موكوڕی له مافه‌كانیاندا به پله‌ی جیاواز هه‌یه، راسته حاڵه‌ته‌كه له دۆخی كوردی كوشنده‌یه و هۆكاره‌كانیش زۆرن و ناشتوانم ئه‌ستۆپاكی بۆ ئه‌وه بكه‌م، چونكه لێره‌دا هه‌ندێك پاڵنه‌ری ره‌وا و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یە، كه هانی هه‌ندێكیان ده‌ده‌ن، له هه‌مان كاتدا پاڵنه‌ری دیكه‌ش هەیە، كه ناتوانین نكۆڵییان لێ بكه‌ین و ئه‌و پاڵنه‌رانه هانی ئه‌وانی دیكه ده‌ده‌ن.
كوردستان24: هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له ده‌سته‌بژێری نووخبه‌ی عه‌ره‌بی هه‌یە، كار له‌سه‌ر بچووككردنه‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن، واتا له راستیدا چه‌ند هه‌ڵوێستێكی جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری و خه‌مناك هه‌یە له‌لایه‌ن هه‌ندێك له ده‌سته‌بژێرانه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵوێستانه خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتیشیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ركوتكارییه‌كانی به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ناوچه‌كه به‌رده‌وام بێت، له سووریا كورد دووه‌م گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌یه، له عێراق هه‌رێمێكیان هه‌یه و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رێمی كوردستان باجی ئه‌وه ده‌دات كه له هه‌ژموونی ئێران و ئه‌وانی دیكه دووربكه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی هاوشێوه‌ی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستێكی هاوشێوه‌ی بۆ ئیداره‌دانی به‌غداش هه‌یه، به‌ڵام باجی گه‌مارۆكانی ئه‌مڕۆ و بچوككردنه‌وه ده‌دات، تۆ چۆن ده‌ڕوانیته هه‌ڵوێستی نووخبهكان له‌و باره‌یه‌وه؟ واتا بوونه‌ته جۆرێك له ئاوازی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ركوتكردنی پێكهاته‌ی كوردی؟
فه‌همی هوێدی: واتا تۆ زیاتر ته‌ركیز ده‌خه‌یته سه‌ر پێكهاته‌ی كورد، منیش له‌وه تێده‌گه‌م و رێزی ده‌گرم، به‌ڵام!
كوردستان24: له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چونكه به‌رنامه‌كه به ناوی (كورد له روانینی هاوچه‌رخ)ـه
فه‌همی هوێدی: به‌ڵام منیش گوتم كه رێزی ده‌گرم، به‌ڵام من ده‌ڵێم: ئه‌و شێواندنه‌ی نووخبهكان له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه، نه‌ك به ته‌نیا، واتا زۆر به‌ڕوونی له حاڵه‌تی كوردیدا ده‌بینین، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هاوتای كورد له وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیشدا هه‌یە، به‌داخه‌وه نووخبهكان رۆڵی خۆیان شێواندووه و زۆربه‌یان له جیهانی عه‌ره‌بی خزمه‌تی سه‌ركوتكاری ده‌كه‌ن و زۆرێك له نووخبهكان چوونه‌ته پاڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته فه‌رمییانه‌ی كه هه‌میشه بێ‌تاوان نین له هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی بیانی، ئه‌مه له جیهانی عه‌ره‌بی رووده‌دات و ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گشتییه، ئه‌وەش لە غیابی گه‌لی عه‌ره‌بییه، هه‌روه‌ها غیابی گه‌لانه به گشتی، جا ئه‌گه‌ر تۆ گه‌له‌كه‌ت ده‌رنه‌خه‌یت، هیچ سه‌یر نییه كه كوردیش ده‌رنه‌خه‌یت، هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه چه‌وساندنه‌وه‌یان له دیوێكی گه‌وره‌تردا بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك وڵات‌دا دابه‌شكراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانم كه تاڕاده‌یه‌ك كورد له توركیا خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌گه‌ر له‌و ئاسته‌شدا نه‌بێت كه ده‌یانه‌وێت، به‌ڵام له رووی سیاسییه‌وه بوونی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها نوێنهریشان هه‌یە، دواتر ئه‌و جۆره نه‌هامه‌تییه ته‌نیا له‌و وڵاتانه نییه، وه‌كو چۆن ئاماژه‌م پێدا له سووریا و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به پله‌ی جیاوازیشدا بێت له عێراق.
كوردستان24: ته‌نانه‌ت وڵاتانی دیكه له ناویشیان توركیا، زمانی كوردی زمانی كارپێكراو نییه، له‌كاتێكدا بنكه‌یه‌كی جه‌ماوره‌ی زۆر فراوانی هه‌یه! كه‌واته ئێمه كۆكین له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌لان، واتا نهئامادهیی گه‌لان و پێكهاته‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی، واقعێكه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنین و به پله‌ی جیاواز له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێکی دیكه جیاوازه، جه‌نابت ئاماژه‌ت به نموونه‌یه‌ك كرد، ئه‌ویش زمانه له توركیا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شداری سیاسی بوونی هه‌بێت، له‌وانه‌یه خواستێكیش هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه زمانی كوردیش ببێته زمانی كارپێكراو، وه‌كو چۆن زمانی ئه‌مازیغی له هه‌ندێك وڵاتی باكووری ئه‌فریقیا كارپێكراو و حیساب بۆ كراوه، ئه‌مه خواستێكی ره‌وایه، لێره‌دا جاوازیش له نێوان زمانێكی رێزلێگیراو و زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه، چونكه لێره هه‌ندێك پله‌به‌ندی هه‌یه كه په‌یوه‌ستن به سه‌روه‌ری وڵات.
تۆ چۆن شرۆڤه‌ی ئه‌و جیاكارییه ده‌كه‌ی كه له نێوان نووخهبهكاندا هه‌یه؟ كاتێك ریفراندۆم بۆ دابه‌شكردنی سوودان كرا، ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجامدرا و ئه‌وه‌ی روویدا روویدا، له‌كاتێكدا له به‌رامبه‌ر ئه‌وه كاتێك ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان كرا، بینیمان نووخبهكان ده‌نگی خۆیان به‌رزكرده‌وه، ئایا ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه دراوسێكانی باشووری سوودان پاڵپشتیان لێ‌كرد یان له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌ورووبه‌رییه‌وه به‌رهه‌ڵستی كرا؟ یاخود له‌به‌ر ئه‌وه بوو، كه نووخبهكان كه‌وتوونه‌ته ته‌ڵه‌ی سیاسییه‌كان و ویستییان به ئاوازی سیاسییه‌كان ده‌نگ هه‌ڵبڕن، كه هه‌میشه به‌پێی خواستی سیاسییه‌كان ده‌جووڵێنه‌وه، كه ئه‌مه‌ش دواجار له پاڵپشتی پرسه‌كاندا ده‌نگه دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی ده‌شارنه‌وه؟
فه‌همی هوێدی: من زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌م شرۆڤه‌یه كۆكم و ئه‌وه‌شی بۆ زیاد ده‌كه‌م، كه تۆ باسی نووخبه و وڵاتانی دراوسێت كرد، ئه‌ی چی له‌باره‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی؟ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی زۆر له‌مانه گه‌وره‌تره، له حاڵه‌تی سوودان، من له‌باره‌یه‌وه ده‌زانم و له مێژوودا تۆماركراوه، كه له ساڵانی چله‌كانه‌وه ئیسرائیل هه‌وڵ ده‌دات، واتا له ساڵی 1948 له‌و كاته‌ی دامه‌زرا، هه‌وڵی بۆ دابڕاندنی باشووری سودان له باكووره‌كه‌ی داوه، بۆیه پێویسته ئه‌و نه‌زانینه به هه‌ند وه‌ربگرین، كه هه‌ندێك پلانگێڕی هه‌یە جیاكاری و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌نه ئامانج و زیاتر فۆكه‌س ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌ندێك وڵات وه‌كو وڵاتانی دیكه، كه هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه رۆڵێكی تایبه‌تی هه‌یه.
كوردستان24: جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، چونكه به‌رنامه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وەیه، كه كورد له به‌شێك له چاره‌سه‌ری گۆڕاوه بۆ به‌شێك له كێشه، به‌م شێوه‌یه ئه‌وانیان گۆڕی، جا چ له‌لایه‌ن رژێمهكانهوه بێت، یانیش له‌لایه‌ن هه‌ندێك له نووخبهكانهوه بێت، به راشكاوانه لێره‌دا جۆرێك له چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌رنامه بۆ دارێژراو هه‌یه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد له‌ناو كۆمهڵگەكانیان، واتا تاکو ئێستاش هه‌ندێك وڵات كورد به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، كه ئه‌وان پڕۆژه‌ی دووریان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵات هه‌یه، له‌كاتێكدا خودی ئه‌و رژێمانه‌ی بانگه‌شه بۆ سیسته‌می هاووڵاتیبوون ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه هه‌موو هاووڵاتیانیان كه‌وڵ كردووه و هه‌موو پرسه نیشتمانییه راسته‌قینه‌كانیان فرۆشتووه، له‌كاتێكدا پرسیاری ئه‌وه ناكه‌ین كه بۆچی كورد بیر له جیابوونه‌وه ده‌كات و لۆمه‌ی ده‌سه‌ڵات ناكه‌ین، كه ئه‌وان خۆیان ئه‌و بیركردنه‌وه‌یان به كورد داوه و كورد وا بیر بكاته‌وه و بڵێت: من نامه‌وێت به رق و كینه له‌گه‌ڵ ئه‌و رژێمه‌دا بژیم كه سه‌یری من ناكات، ئه‌مڕۆ ده‌بینین له ناوچه كوردییه‌كان له سووریا به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی رژێم و هه‌ندێك له وڵاتانی دراوسێ، كورد رووبه‌ڕووی راماڵین بووه‌ته‌وه، خه‌ڵكی عه‌فرین ئێستا كه‌وتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كانیان و سه‌رگه‌ردان بوونه و په‌نایان بۆ هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه بردووه و ناوچه‌كانیان پاكتاو كراون. تۆ به‌م كاره رازییت؟
فه‌همی هوێدی: واتا من ناتوانم ته‌نیا بۆ ساتێكیش پشتیوانی له شتێكی له‌م جۆره بكه‌م، به‌ڵام ناشتوانم خۆم له‌وه بدزمه‌وه كه چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد پله‌یه‌كی باڵایه له‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیان له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌كرێت، تكا ده‌كه‌م جیاوازی له نێوان حاڵه‌تی كوردی و عه‌ره‌بیدا بكرێت، جیاوازییان له پله‌دا نییه نه‌ك له جۆر، واتا جۆره‌كه‌یان هه‌ر یه‌كه، گه‌لی عه‌ره‌بی ئامادەنەبووە و فەرامۆشکراوە، خه‌ریكه له گووتاری فه‌رمیی عه‌ره‌بیدا ئاماژه‌دان به گه‌لان هه‌ستی پێ ده‌كه‌یت، به‌ڵام ناونیشانی سه‌ره‌كی له جیهانی عه‌ره‌بیدا بریتییه له بڕیاری سه‌ركرده و سه‌رۆكه‌كان، هه‌رچی گه‌لانن، خاوه‌ن هیچ بڕیارێك نین و ره‌خنه‌باران ده‌كرێن، بۆیه وێڕای ئه‌وه‌ی من زۆر خه‌فه‌تبار ده‌بم به‌وه‌ی كه باكوور له باشوور جیابكرێته‌وه، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌م پێدا، ناتوانم له‌بیری بكه‌م كه ئیسرائیل له ساڵانی چله‌كانه‌وه هه‌وڵی بۆی داوه، توێژینه‌وه فه‌رمییه‌كانیان ئه‌م چیرۆكه ده‌گێڕنه‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا ئێستا سوودان تووشی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌بێته‌وه، ناتوانین بڵێن ئه‌مه به ئیراده‌ی حكومه‌ت و ئیراده‌ی دراوسێ بووه، واتا زلهێزه‌كان له‌م بابه‌ته‌دا له‌كوێن؟ واتا جیهانی عه‌ره‌بی له لاوازیدایه، بۆیه ئه‌مه گرنگه، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ماعی هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه، كه هه‌وڵ بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌ده‌ن، ئه‌و خواستهشیان له په‌رته‌وازه‌كردنی گه‌لاندا پیاده ده‌كه‌ن، بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام، كه چاره‌سه‌ری له سه‌ربه‌خۆیی كورد دا نییه، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری بریتییه له رێزگرتنی گه‌لی عه‌ره‌بی و رەنگدانهوهی ئازادی و دیموكراتی له جیهانی عه‌ره‌بی، لێره‌ش له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له جیهانی عه‌ره‌بیدا ئاسووده ده‌ده‌ن، كه له چوارچێوه‌یه‌كی هۆشیاردا بمێننه‌وه.
كوردستان24: تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه فه‌راهه‌م نییه، كه ئه‌م مه‌رجه ده‌سته‌به‌ر نییه.
فه‌همی هوێدی: راسته.
كوردستان24: بۆچی ئێمه گه‌لێك ناچار بكه‌ین، كه خاوه‌ن مێژوو و خاكی خۆیه‌تی و به‌هۆی ئیراده‌ی سیاسی گه‌وره له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه، كه تۆ باست كرد؟ بۆچی ناچاری بكه‌ین به رق و كینه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ك بژین، كه لێره‌دا چه‌وساندنه‌وه هه‌یه؟
فه‌همی هوێدی: من ئه‌مه ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه و به‌رهه‌ڵستیشی ده‌كه‌م، تۆ ئاماژه‌ت پێیدا كاتێك باسی (الحل المنقوص)ـت كرد، ئه‌مانه‌ی قسه‌ی كۆنن و به‌ر له ده‌یان ساڵ بوو، ئه‌مه مانای وا نییه كه رازیم به‌وه‌ی كه هه‌یه، به‌ڵام خواستمان بۆ باشتر هه‌یه.
كوردستان24: كه‌واته ئێستا چی هه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌و خواسته به‌جێ نه‌هاتووه، له‌كاتێكدا هێشتا خراپتر و خراپتر ده‌بێت؟
فه‌همی هوێدی: ئێستا ئاسانتره كه خه‌بات له پێناو ئازادی و دیموكراتیدا بكه‌ین بۆ هه‌موو گه‌لان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئه‌م گه‌لانە له جیهانی عه‌ره‌بی یان ده‌بێت بچینه ناو شه‌ڕ و جه‌نگ به چه‌ك و شێوازه‌كانی دیكه له‌ناو هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی.
كوردستان24: ئه‌مه تامێكه لای هه‌ندێك له گه‌لان كه بوونی كورد قبووڵ ناكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی به‌م دواییانه له باكووری سووریا روویدا، هه‌ندێك خه‌ڵكی سه‌ر به هۆزه عه‌ره‌به‌كان به‌رده‌وام ده‌ڵێن: ئێمه نامانه‌وێت كوردێك فه‌رمانڕه‌واییمان بكات، كه‌واته ره‌وشتی سه‌ركوتكاری ته‌نانه‌ت چووه‌ته ناو بنگه‌ی میللیش، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، كه ده‌مانه‌وێت مامۆستا فه‌همی وه‌كو نوخبه‌یه‌ك رێنمایی بدات، ئه‌مڕۆ كه خه‌ڵك له سووتاندندایه، ئێمه چۆن پێیان بڵێین له‌ناو به‌فردا بمێننه‌وه؟! واتا به هه‌موو مانایه‌ك ئێستا ئه‌وان ده‌سووتێندرێن؟!
فه‌همی هوێدی: ئێمه ده‌بێت جیاكاری له نێوان چاره‌سه‌رییه گشتگیرهكاندا بكه‌ین كه هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌گرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و چاره‌سه‌رییه پله‌دارانه‌ی قۆناغ به قۆناغ له ئامانجه دیاریكراوه‌كانمان نزیكمان ده‌كاته‌وه، هه‌ڵبه‌ته كاتێك شته‌كان دهشێوندرێن، نه‌ك ته‌نیا له‌لایه‌ن نووخبهوهیه، به‌ڵام هاووڵاتی ئاساییش، كه وه‌كو ئاماژه‌ت پێیدا ره‌تی ده‌كاته‌وه كه‌سێكی كورد فه‌رمانڕه‌وایی بكات، یانیش ببێته دراوسێی كورد، ئه‌مه په‌روه‌رده‌ی رژێمی سهتهمانكاره، بۆیه ئه‌مه به‌س نییه كه خه‌ڵك له مه‌ترسی و هه‌ڵه‌ی ئه‌م جۆره زمانه ئاگادار بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو پێویسته هه‌ڵوێسته‌كه به‌رزتر بكه‌ینه‌وه و وا دایبنێین كه سته‌مكارییه كه ویژدانی خه‌ڵكی له‌ناوبردووه و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك شێواندووه، كه هانیان بدات بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ی، كه له ماف و ئه‌ركدا هیچ جیاوازییه‌كیان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه من به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵت هاوڕام له ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ره‌فتارانه، هه‌ربۆیه‌ش ده‌یڵێین: ئه‌و سته‌مكارییه له جیهانی عه‌ره‌بی ئێستا و داهاتووش له‌ناوده‌بات، جا شه‌ڕه راستهقینهكهمان له‌گه‌ڵ سته‌مكارییه و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئازادی و دیموكراتییدایه، هه‌روەها بانگه‌وازی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م، كه ئه‌مه رێگه‌یه‌كه بۆ كۆسپه‌كانی كه‌متر و ده‌ره‌فه‌ته‌كانی باشترن و رهوایهتییهكهشی زیاتر په‌سه‌ندن.
كوردستان24: ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه هیوای بۆ ده‌خوازین یاخود ده‌مانه‌وێت بوونی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له واقیعدا هه‌یه ئه‌وه‌ی كه هیوا به بوونی ناخوازین، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه بۆ نموونه پێت ده‌ڵێم: له فه‌رهه‌نگی نووخبهكاندا له‌و ناوچانه‌ی بڵێسەی ئاگری نه‌ته‌وایه‌تی تێیدا چالاكه، ته‌نانه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌منیش له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كورد به‌كارده‌هێندرێن، واتا كاتێك ناكۆكیت له‌گه‌ڵ حزبێك هه‌بێت، به‌و سیفه‌ته تۆش وه‌سفی ده‌كه‌یت كه یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێ به‌وه وه‌سفی ده‌كات، گوایا ئه‌مه تیرۆریسته، جوداخوازه تادوایی، كه‌واته لێره‌دا سیفه‌تی حزبێك به‌سه‌ر گه‌لێكدا ده‌گشتێندرێت، به‌مه‌ش ئه‌و گه‌له به بێباوه‌ڕ، من باسی كورد ده‌كه‌م، واتا به بێباوه‌ڕ، جوداخواز، خاوه‌ن پرۆژه‌ی سووتاندنی كۆمه‌ڵگه و هه‌موو ئه‌وانه وه‌سف ده‌كرێن، له‌كاتێكدا ئه‌مه راست نییه و كوردەکان یه‌كێك بوون له سه‌رسه‌ختترین به‌رگریكاران، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك بارزانیش یه‌كێك بوو له داكۆكیكارترین كه‌س له ده‌ستوور، چونكه له‌و باوه‌ڕه دابوو، مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و مانه‌وه‌ی ژیانی سیاسی په‌یوه‌سته به پابه‌ندبوون به ده‌ستوور، تا ئه‌و كاته‌ی بینیمان كه قه‌تیسكردن و بچووككردنه‌وه و تاواندنه‌وه‌ی كورد هه‌یه، ته‌نانه‌ت مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردیش پهردهپۆشكراون، من داوای شرۆڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته لێت ده‌كه‌م: با ئه‌مه ببێته گه‌واهیدانێكی مامۆستا فه‌همی بۆ مێژوو، ئایا له رووی میدیایی و مرۆڤایه‌تی و سیاسی و مافپهروهرییهوه ئه‌مه په‌سه‌نده؟
فه‌همی هوێدی: واتا وه‌كو واقیع پێویسته ره‌تی بكه‌ینه‌وه و به‌رهه‌ڵستی بكه‌ین و ئیدانه‌ی بكه‌ین، به‌ڵام كاتێك بابه‌ته‌كه شیدهكهینهوه، ده‌بینین كه ره‌تكردنه‌وه به ته‌نیا به‌س نییه، به‌ڵكو پێویسته دوورتر بڕوانین، بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌مان بپێكین، چونكه نموونه‌ی راستی، واتا نموونه‌ی سووریا، تاوانی گه‌وره‌ی ده‌رهه‌ق به گه‌لی سووریا ئه‌نجامداوه نه‌ك ته‌نیا به‌رامبه‌ر به كورد، ئه‌گه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردت بیر هێنایه‌وه، ئه‌وا مافێكی ره‌وای خۆیانه ئه‌و گله‌ییه‌یان هه‌بێت، نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین، كه ئه‌و گه‌له به ژه‌هر كراوه‌ته ئامانج و له فڕۆكه‌كانه‌وه ته‌قه‌مه‌نییان به‌سه‌ردا باراندووه، پێویسته ئه‌م تووڕه‌ییه نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و سته‌م و سته‌مكارییه له‌بیرمان بباته‌وه، كه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌یه كه ده‌رهه‌ق به كورد و عه‌ره‌ب له سووریا كراوه.
كوردستان24: مامۆستا فه‌همی بۆ دۆزی كورد تۆ پێتوایه چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ ئه‌و بابه‌ته گه‌ڕانه‌وه‌یه له بیرۆكه‌ی سته‌مكاری و هه‌ڵگرتنی سته‌مكارییه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو پێكهاتانه‌ی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام تاکو ئه‌م ساته‌ش به‌ربڵاوی سته‌مكاری و پیاده‌كردنی چه‌وساندنه‌وه ده‌بینین و ته‌نانه‌ت دانیشت به‌وه‌دا نا، كه ماوه‌ی ساڵانێكه كورد قوربانین و سته‌میان به‌رامبه‌ر كراوه و ئه‌مه هیچ مشت‌ومڕێك هه‌ڵناگرێت، ئه‌مڕۆ تۆ وه‌كو كه‌سێك كه خاوه‌ن ئه‌زموون و مێژووی خۆتی، چۆن هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ باشترین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد و دۆزه‌كه‌یان ده‌كه‌یت؟
فه‌همی هوێدی: ئه‌گه‌ر وامان دانا كه بنه‌ماكه‌ی بریتییه له پارێزگاریكردن له مافی رێزگرتن بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و گه‌له، ئه‌وا نابێت هیچ كه‌سێك جیابكرێته‌وه، له‌ناویشیان كورد، مافی رێزگرتن ته‌نیا له قورئاندا جێگیر نه‌كراوه، به‌ڵكو مافێكی مرۆڤایه‌تییه و نابێت هیچ گه‌لێك لێی جیابكرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاروباره‌كانمان و په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵیان ئاڵۆز بێت، ته‌نیا له حاڵه‌تی دوژمنایه‌تی و یه‌كتر رهتكردنهوهدا نه‌بێت، یان حاڵه‌تی به‌رگریكردن له‌خۆ، بۆیه من باوه‌ڕم وایه كه ئه‌گه‌ر به هه‌ند وه‌ریبگرین، كه بنه‌ماكه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی سته‌مكارییه له ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها ده‌بێت مافی رێزگرتن بۆ هه‌مووان پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها نابێت بۆ یه‌ك ساتیش له داكۆكیكردن له مافی كورد پاشگه‌ز ببینه‌وه له پارێزگاریكردن له مافه‌كانیان، هه‌ر له زمان و جلوبه‌رگ و فهرمانبهرییەتی و فێربوون بگره تاکو ده‌گاته هه‌موو شتێك وه‌كو هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكه، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه له مێژووی عه‌ره‌بی و ئیسلامی خۆماندا زانیوه.
كوردستان24: ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ خاڵێكی میحوه‌ری، ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌ده‌ستنه‌هات، ئایا مافی كورد نییه بیر له‌وه بكه‌نه‌وه خاوه‌نی پرۆژه‌ی تایبه‌ت به خۆیان بن، دوور له‌و هه‌موو سته‌مكاری و خوێنڕێژییه؟
فه‌همی هوێدی: راسته من خۆشم ناتوانم ئه‌ستۆپاكی بۆ نوخبه‌ی كوردی و توێژی سیاسی كوردی بكه‌م، چونكه شتێك له ناخمدا هه‌یه، له‌وه‌ی كه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه له تیشكدانه‌وه‌ی هه‌ڵچوون نزیك بێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كانیان، له‌وه‌ی كه هه‌ندێكیان سوورن له‌سه‌ر قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها گۆڕانیش كه له ژێرخانی جوگرافی هه‌ندێك ناوچه روویداوه و هه‌روه‌ها ره‌تكردنه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی لای هه‌ندێكیان، من لێره هۆشداری ده‌ده‌م، له‌وه‌ی پێویست ناكات په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌فتاری تووندڕه‌وه‌كان دابنێین.
كوردستان24: به‌ڵێ ته‌نانه‌ت نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسهتهكانیش بێت، ئێمه مافه‌كانمان ده‌وێت، وه‌كو چه‌مكێكی گشتی.
فه‌همی هوێدی: جا لێره‌دا كه‌سانی تووندڕه‌و له سیاسه‌تدا یان ره‌گه‌زپه‌رستان، پێویسته ئه‌و كه‌سانه به‌لاوه بنێین، چونكه بنه‌ماكه رێزگرتنه بۆ هه‌مووان.
كوردستان24: به‌ڵام كورد نه‌یگوتووه ته‌نیا كورد، به‌ڵكو حزبه عه‌ره‌بییه‌كانن كه گووتوویانه (أمة عربیة واحدة ذات راسالة خالدة) و به‌م دروشمه كورد و عه‌ره‌بی له‌ناوبرد.
فه‌همی هوێدی: هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئه‌وه كێیه گووتوویه‌تی أمة عربیة واحدة، ئه‌مه شه‌پۆلێك بوو ته‌نیا له قۆناغێكی مێژوویی‌دا بوو، من ئاماژه‌م پێدا، كه له‌ناو یه‌كه‌م شانه له ئیسلامدا، هه‌ریه‌ك له رۆمییه‌كان و تادوایی.
كوردستان24: هه‌روه‌ها جابان الكوردی، جابان الكوردیش هه‌بوو و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌وانه‌ی باس ناكرێت.
فه‌همی هوێدی: به‌ڵێ كه‌واته ئه‌ویش شانبه‌شانی فارسی و رۆمی و ئه‌وانی دیكه له‌ناو شانه‌كه‌دا هه‌بوون، كه‌واته بۆچی ئه‌م شێوازه نه‌بێت كه ئێمه‌ی په‌ره‌ی پێ بده‌ین؟! ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه فێر نه‌بووین كه بڵێین فڵانه كه‌س كورد بووه و له‌ناو شانه‌كه‌دا بوو، سه‌یركه.. بیرۆكه‌كه روویداوه، به‌ڵام ئه‌وانه خه‌ڵك بوون كه چێرۆكهكهیان داڕشتووه و ره‌واجیان پێداوه، مێژوونووسه‌كان مێژوویان نووسیوه‌ته‌وه و ئاماژه‌یان به‌و كه‌سه داوه و به‌وی دیكه‌یان نه‌داوه، له واقعدا ئاماژه‌یان پێداوه، ئه‌گه‌ر سائیب ئهلرۆمی و حه‌به‌شی و ئه‌وانه هه‌بوون، ئه‌وا هیچ پاساوێك بۆ ئه‌وه نابێت كه كه‌سێكی كوردی له هاوه‌ڵه‌كان جیابكرێته‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه بیرۆكه‌كه ئه‌وه‌یه كه هه‌مووان له‌ناویدا هه‌بوون و مافی رێزگرتنیان هه‌بوو و ئه‌مه‌یه كه پێویسته ئێمه‌ش گرنگی پێ بده‌ین و نابێت راوێژ به ئاراسته نه‌ته‌وه‌په‌رسته تووندڕه‌وه‌كان بكه‌ین، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌وانه‌ی باسیان ده‌كرێت، نازانم ئایا ده‌كرێت ئه‌مه به‌سه‌ریاندا بگشتێندرێت یان نا، به‌ڵام هیچیان له‌مه ده‌ستنه‌كه‌وتووه، جگه له هه‌ڵدانی ئه‌و درووشمانه نه‌بێت، كه درز و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زیاتری دروستكردووه و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و گه‌له‌ی لاواز كردووه، جا ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌شی بۆ ده‌كه‌ن، ئامانجه‌كه‌ی به دی نایێت.
كوردستان24: چه‌ند خاڵێك هه‌یە، حه‌ز ده‌كه‌م لێته‌وه گوێبیست بم، كه ده‌كرێت ره‌گه‌زه‌كانی بوونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كان بن، به درێژایی جه‌نگ له نێوان رژێمه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری كوردی و سته‌ملێكراو، نه‌مانبینیوه هیچ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له‌لایه‌ن كورده‌وه له دژی خه‌ڵکی سڤیل ئه‌نجامدرابێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حاڵه‌تێكی له‌مشێوه‌یه تۆمارنه‌كراوه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ململانێی چه‌كداری له نێوان هه‌ردوو لادا كه‌متر بێت، واتا هێزه كوردییه‌كان هیچ لایه‌نێكی مه‌ده‌نی نه‌كردووه‌ته ئامانج له ناوچه كوردییه‌كان هیچ كوردێك رووبه‌ڕووی هیچ عه‌ره‌بێك نه‌بووه‌ته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه عه‌ره‌به، له راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991 دوای هێرشی سه‌ر كوه‌یت، هه‌موو سووپای عێراقی له ناوچه كوردییه‌كان خۆیان راده‌ستی هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام ته‌نانه‌ت یه‌ك سه‌ربازی عێراقیشیان نه‌كوشت، به‌ڵكو مامه‌ڵه‌ی میوانیان له‌گه‌ڵدا كردن و ئه‌مه‌ش له مێژوودا تۆماركراوه، له جه‌نگی ئه‌هلی له عێراق له ساڵی 2003، هه‌رێمی كوردستان باشترین پهناگهبوو بۆ ئه‌و هاووڵاتییه عه‌ره‌به عێراقییانه‌ی په‌نایان بۆ هێنا و تاکو ئێستاش نزیكه‌ی 3 ملیۆن عه‌ره‌بی عێراقی له هه‌ولێر نیشته‌جێن، كه نزیكه له نیوه‌ی ژماره‌ی كۆی دانیشتووانی هه‌رێم، تاکو ئێستاش گوێمان لێ نه‌بووه هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك بكرێته سه‌ر هیچ كه‌سێكیان، ته‌نانه‌ت دوای رووداوه‌كانی شۆڕشی سووریاش ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ران په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێنا، به‌ڵام بۆ یه‌كجاریش هه‌رێمی كوردستان گله‌یی ئه‌وه‌ی نه‌كرد، وه‌ك چۆن وڵاتانی دراوسێ گله‌ییان ده‌كرد، به‌وه‌ی كه كێشه ناوخۆییه‌كانیان به‌هۆی په‌نابه‌رانه‌وه‌یه، تۆ چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌م خاڵانه؟ ئایا ناكرێت ئه‌م خاڵانه بكرێنه بنه‌مایه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر له نێوان ئه‌و دوو گه‌له، كه ئێستا به‌داخه‌وه به‌هۆی سیاسهتهكانهوه ناكۆكییه‌كان له ناكۆكییه‌كی ئاسایی نێوان پێكهاته‌كان به‌وه‌ی ئه‌مه كورد و ئه‌وه عه‌ره‌به، گوازراوه‌ته‌وه بۆ ناكۆكییه‌كی ویژدانی و بووه‌ته حه‌ساسییه‌ت و هه‌ستیارییه‌كی راسته‌قینه‌وه و ناكرێت نكۆڵیی لێ بكه‌ین، چۆن ده‌تواندرێت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ئه‌رێنییانه په‌یوه‌ندی دروست بكرێن، كه خاڵی راسته‌قینه و رووداوی مێژوویین؟
فه‌همی هوێدی: له رووی مه‌بده‌ئه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵانه راست بن و هیواداریشم كه راست بن.
كوردستان24: به‌ڵێ ئه‌مانه راستن و له مێژووشدا تۆماركراون.
فه‌همی هوێدی: ئه‌گه‌ر ئه‌مانه راست بن، ئه‌وا ئه‌مه شتێكی رێزلێگیراوه و له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ژمار ده‌كرێت، واتا خاڵی ئه‌رێنین له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه‌مان له‌بیر ناباته‌وه كه رژێمی سووریا زۆر له‌مه خراپتری ده‌رهه‌ق به عه‌ره‌به‌كانی سووریا كردووه، به‌و شێوه‌یه‌ی كه له‌ناوخۆی سووریا بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره، ته‌نانه‌ت له نێوان سووننه و عه‌له‌وییه‌كاندا، ئه‌ویش به‌هۆی سته‌مكارییه‌كانی رژێم و تاوانه‌كانی.
كوردستان24: به‌ڵام رژێمی سووریا ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ پێكهاته‌یه‌كدا نه‌كردووه، كه له‌گه‌ڵ كورد كردوویه‌تی، با به‌ڕاشكاوانه پێت بڵێم: تۆ ده‌ڵێیت: سته‌مكاری، به‌ڵێ ئه‌مه راسته، به‌ڵام مامۆستا فه‌همی تۆ باوه‌ڕ ده‌كه‌یت كه رێگری له كورد كراوه منداڵه‌كانیشیان به ناوی كوردی به‌ناو بكه‌ن!؟.. كوردانی حه‌له‌ب هه‌ندێكیان قه‌ده‌غه بوو ناوی كوردی به‌كاربهێنن، كه‌سێك پێی گووتم، كه باوكی چوو بۆ ئه‌وه‌ی ناوی كوردی له منداڵه‌كه‌ی بنێت، موختاره‌كه پێی گووت: قه‌ده‌غه‌یه، به ناچاری ده‌بێت ناوێكی عه‌ره‌بی له منداڵه‌كه‌ت بنێیت، ئه‌وانیش ناچار بوون ناوی عه‌ره‌بییان دانا، واتا من هیچ مه‌به‌ستم نییه، مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه، تۆ هه‌میشه داوای دادپه‌روه‌ری و هه‌ڵگرتنی سته‌مكاری ده‌كه‌یت، هه‌ندێكجار شتێكی راسته كه هه‌موو بواره‌كان به‌بیر بهێنینه‌وه، واتا سته‌مكاری، به‌ڵێ به‌رامبه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كان كراوه، به‌ڵام كورد تا ئه‌م ساته‌ش مامه‌ڵه‌یه‌كی ناهاووڵاتیبوونی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ئه‌مه‌یه كه ده‌مه‌وێت له میدیاكارێكی به‌ڕێزی وه‌كو جه‌نابت جێپه‌نجه‌كانی له‌و بابه‌ته‌دا تۆمار بكات، چونكه ئه‌گه‌ر پێویست بێت عه‌ره‌ب گوێبیستی ئه‌م به‌رنامه‌یه بێت، ئه‌وا پێویسته له‌سه‌ر كوردیش گوێیان له ده‌نگی دادپه‌روه‌رانه بێت كه قسه له‌باره‌یانه‌وه ده‌كات.
فه‌همی هوێدی: من ده‌مه‌وێت دوو شت تۆمار بكه‌م، یه‌كه‌میان: پێویسته مافی رێزلێگرتن بۆ هه‌موان فه‌راهه‌م بێت، به كورد و غه‌یره كوردیشه‌وه.
كوردستان24: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داوای سه‌ربه‌خۆییش بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر بینییان ئه‌م فه‌زایه چیتر بۆ ئه‌وان گونجاو نییه كه تێیدا بژین.
فه‌همی هوێدی: با بچینه خاڵی دووهه‌م: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ناتوانم هیچ شتێك له‌سه‌ر ره‌فتاری كه‌سانی تووندڕه‌و بونیاد بنێم، ئه‌وانه‌ی كه رێگری له به‌كارهێنانی ناو و ئه‌و شتانه ده‌كه‌ن، ئایا ده‌كرێت به‌مه پێوانه بكه‌م! گه‌مژایه‌تی له هه‌موو شوێنێك هه‌یه، ئه‌م ره‌فتارانه ره‌تكراوه‌ن و ئاماژهپێنهدراون، چونكه ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و دوو شته‌مان گووت، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیستسنایه هه‌بێت، ئه‌وا پێویسته له‌سه‌ری پێوانه نه‌كرێت، یان ئایا ئه‌مه ره‌فتارێكی گشتییه؟ ئه‌گه‌ر وابێت، ده‌بێت رووبه‌ڕووی ببینه‌وه، جا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌مه ئیستسنایه یان ره‌فتارێكی گشتییه؟
كوردستان24: له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه "ئیستیسنا" بوو، به‌ڵام له راستیدا خه‌ریكه ده‌بێته ره‌فتارێكی گشتی.
فه‌همی هوێدی: به‌هه‌رحاڵ له شرۆڤه‌كردندا ده‌ڵێین: هیچ پێوانهكردنێك له‌سه‌ر ئیستسنا ناكرێت، ئه‌گه‌ر بڵاوبووه‌وه، ئه‌مه مانای وایه كه پشێویه‌ك هه‌یه سته‌م له عه‌قڵه‌كان ده‌كات و ئاماژه به بوونی گه‌نده‌ڵی له نێوان خه‌ڵك ده‌كات، بۆیه پێویسته رووبه‌ڕووی ببینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه روویدا و بوو به بنه‌ما، ئه‌وا گوومانی تێدا نییه كه نه‌خۆشییه‌كی قووڵ هه‌یه و پێویسته خاوه‌ن دیدگاكان و كه‌سانی ژیر ئاگاداری بن و هه‌وڵ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌مه ئه‌و راستییه ناسڕێته‌وه كه سته‌مكاری ویژدان و عه‌قڵه‌كان له‌ناو ده‌بات.
كوردستان24: تۆ حه‌ز به غه‌زالی ده‌كه‌یت، غه‌زالیش ده‌ڵێت: كه‌می دادپه‌روه‌ری خزمایه‌تی نزیك له‌ناوده‌بات، له راستیدا دادپه‌روه‌ری به‌رامبه‌ر به كورد نه‌كراوه، به‌ڕێزم من پرسیارێكم له جه‌نابت كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ریمان له‌وانه نه‌بینی، له‌كاتێكدا كورد داكۆكی له ده‌ستوور كرد و ده‌ستێكی باڵایان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تاندا هه‌بووه دوای كۆتاییهاتنی داگیركارییه‌كان، به‌ڵام دواجار رژێمه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان چ له عێراق و سووریا یاخود ته‌نانه‌ت له وڵاتانی دیكه‌ی دراوسێی هه‌رێمی كوردستانیش، هه‌موویان په‌یڕه‌وی جۆرێك له هێزی زیاده‌ڕه‌وییان به‌رامبه‌ر به كورد به‌كارهێنا و په‌یڕه‌وی په‌راوێزخستنیان و مامه‌ڵه نه‌كردن له‌گه‌ڵیان كرد، كاتێك ده‌مانه‌وێت بڕیارێك له‌سه‌ر گه‌لێك یان پرسێك بده‌ین، پێویسته له‌سه‌رمان له پاڵنهرهكانیشیان تێبگه‌ین، ئه‌مڕۆ به‌ڕێزم به هه‌موو مانای وشه له مافه‌كانیان بێبه‌شكراون، ته‌نانه‌ت هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نیا به‌و چاوه سه‌یر ده‌كرێت كه به‌شێكه له پلانگێڕی داگیركاری، له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان ئه‌مریكای نه‌هێناوه و هیچ كه‌سێكیشی نه‌هێناوه تا ئه‌م ساته‌ش.
فه‌همی هوێدی: هه‌روه‌ها گه‌لی عێراقیش ئه‌مریكای نه‌هێناوه!
كوردستان24: ده‌روازه عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌وانی هێناوه.
فه‌همی هوێدی: من نامه‌وێت له كۆتاییدا بگه‌ینه ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی كوشتارگه‌یه‌ك بۆ گه‌لی عێراقی، پێویست ناكات بگه‌ینه ئه‌مه، ئه‌گه‌ر وامان دانا كه كێشه‌كه سته‌مكارییه، با هه‌وڵه‌كانمان چڕ بكه‌ینه‌وه، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مكارییه، له رێگه‌ی هه‌موو ئه‌و ئامرازانه‌ی له‌به‌رده‌ستمانن.
كوردستان24: كه‌واته سه‌باره‌ت به‌مه چ داوایه‌ك له نووخبهكان ده‌كه‌یت؟ مه‌به‌ستم سه‌باره‌ت به كورده بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو بچین، چۆن ده‌توانین پشتیوانی له رای تۆ بكه‌ین، بۆ هه‌ڵگرتنی سته‌مكاری ده‌رهه‌ق به كورد؟ واتا نووخبه‌ی رووناكبیری عه‌ره‌بی.
فه‌همی هوێدی: سه‌ره‌تا پێویسته كورد پێگه‌ی خۆی له عه‌قڵی عه‌ره‌بیدا بگەڕێنێته‌وه، تۆ ئاماژه‌ت پێدا، بۆ نموونه باسی ئه‌سحابه پێشه‌نگه‌كانمان كرد و تۆ باسی یه‌كێك له‌و كوردانهت كرد، كه ناویان له‌ناو رووناكبیراندا بڵاونه‌بووه‌ته‌وه، ئه‌مه یه‌كێكه له ده‌روازه‌كان، به مانای ئه‌وه‌ی كه به‌شداریكردن زۆر گرنگه، واتا راسته كه له‌باره‌ی كێشه‌كانه‌وه ده‌توانیت بڵێیت: چی له هیندستان ده‌گوزه‌رێت و چی له میانمار رووده‌دات و چی له فهڵەستین رووده‌دات، كه له‌وانه‌یه وێڕای ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تییانه‌ی هه‌یانه، خه‌ڵك ئیره‌یی به كورده‌كان دەبەن، له چین كۆمه‌ڵكوژی له سین كێنگ هه‌یه، هه‌روه‌ها له میانمار، له ئه‌فریقیای ناوه‌ڕاستیش به هه‌مان شێوه، واتا له هه‌موو شوێنێك كێشه هه‌یە، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كورد له‌ده‌ستی داوه، كاتێك من سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستانم بینی له یه‌كێك له وڵاتانی كه‌نداو به‌وپه‌ڕی گه‌رمییه‌وه پێشوازیی لێكرا، هه‌روه‌ها بینیم ئه‌و پێشوازییه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی دروستكرد، له‌كاتێكدا نزیكه‌ی دوو ملیۆن موسڵمان له‌و وڵاته هه‌یە و رووبه‌ڕووی سته‌مكاری ده‌بنه‌وه، كه‌واتە مافی ئێمه‌یه بڵێین: له‌م حاڵه‌ته‌دا دۆخی كورد له هه‌موویان باشتره، له‌وانه‌یه ئه‌مه بڵێین، به‌ڵام ئه‌مه‌ش راستی ئه‌و سته‌مكارییه ناسڕێته‌وه، كه رووبه‌ڕووی كورد ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به رۆشنبیران ئه‌گه‌ر هیچ رۆڵێكیان هه‌بێت، كه به‌داخه‌وه دووباره ده‌یڵێمه‌وه، رۆشنبیران به پاڵپشتیكردنیان بۆ به‌رده‌وامیدانی ده‌سه‌ڵاتداران به سته‌مكارییه‌كانیان، رۆڵی ئه‌وانی شێواندووه و بوونه‌ته به‌شێك له هه‌ڵمه‌ته‌كانی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، نه‌ك هه‌وڵدان بۆ ته‌واوكاری و ته‌وافوق و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان
كوردستان24: ئه‌وان له سێكوچكه‌ی دووڕوویی، رازیبوون، یان جیاوازیدا دەژین.
فه‌همی هوێدی: راسته، ئه‌مه روویداوه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ن و هه‌ندێكی دیكه‌ی غه‌یره ئه‌وانیش هه‌ن، پێویسته تێبینی ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌ندێك نه‌وه دێن و له‌دایك ده‌بن، واتا ئه‌گه‌ر هه‌ندێك تاڵی ساڵانی رابردوو له هزری ئێمه‌دا هه‌بێت، ئه‌وا نه‌وه‌یه‌ك هه‌یه، كه یان ئه‌وه‌تا ئه‌و تاڵییانهی تێپه‌ڕاندووه، یانیش له منداڵی‌دا له‌گه‌ڵیان شیره‌خۆر بووه و له‌گه‌ڵیدا ژیاوه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی سته‌مكاری بووه‌ته هۆی راهاتن له‌گه‌ڵ ئه‌و تاڵییانه و بوونه‌ته هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌بێت جگه له جیابوونه‌وه.
كوردستان24: ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ هه‌مان پرسیار، تۆ چ داواكارییه‌كت له نووخبه هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌بن؟ واتا مه‌به‌ستم نووخبه‌ی عه‌ره‌بییه؟ ده‌ته‌وێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن؟ من راسته‌وخۆ باسی كورد ده‌كه‌م.
فه‌همی هوێدی: نووخبه من ناتوانم، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به سنووری نووخبهكانهوه هه‌یه، سنووری نوخبه چییه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چین؟!
ئایا ئه‌وان نوخبه‌ی ناو ده‌سه‌ڵاتن یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن؟! ئایا ئه‌وان له توێژی رۆشنبیرانن یان له فه‌رمانڕه‌وا خاوه‌ن بڕیاره‌كانن؟!
كوردستان24: من باسی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وای خاوه‌ن بڕیار ناكه‌م، من باسی نوخبه ده‌كه‌م، ئێستا هه‌ندێك له نووخبهكان ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه‌یان بۆ كورد ئه‌وه‌یه كه له ره‌چه‌ڵه‌كدا عه‌ره‌بن، واتا گه‌یشتووه‌ته ئاستێك ته‌نانه‌ت لای نوخبهكانیش جێگه‌ی به‌زه‌ییه.
فه‌همی هوێدی: بابڵێین، رۆڵی نوخبه له رووناكبیری و رۆشنكردنی عه‌قڵ و ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و یهكترقبووڵكردنی به‌رده‌وام و بڵاوكردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رییه.
كوردستان24: كه‌واته رۆڵیان خۆیان له زمانێكی هاوبه‌شی لێبورده‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری ده‌بینێته‌وه؟
فه‌همی هوێدی: رێك وایه.
كوردستان24: ئه‌ی كه‌واته گه‌لان!
فه‌همی هوێدی: گه‌لان په‌روه‌رده ده‌كرێن، دواتریش من ناتوانم، ئه‌م گه‌لانه هیچ قه‌واره‌یه‌كیان نییه نوێنه‌رایه‌تییان بكات! بۆیه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ بیرۆكه‌ی ئامادەنەبوونی گه‌لان له جیهانی عه‌ره‌بی، واتا گه‌لان به‌ڕێوه‌ده‌بردرێن و پهروهردهدهكرێن، هه‌ندێكیان له‌سه‌ر سته‌مكاری و سه‌ركوتكاری راده‌هێندرێن، بۆ نموونه ئێستا گه‌لی فەڵه‌ستین، سه‌یركه ده‌سه‌ڵات چی به گه‌لی فەڵه‌ستین ده‌كات! هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیلیش چی ده‌كات له ورووژاندنی رق و كینه له دژی عه‌ره‌ب! ئه‌وه‌ی گرنگه گه‌لان راده‌هێندرێن.
كوردستان24: رژێمی سووریا و هه‌ندێك رژێمی دیكه‌ش هه‌یە خه‌ڵكی خۆیان له‌سه‌ر رق هه‌ڵگرتن له كورد په‌روه‌رده ده‌كه‌ن.
فه‌همی هوێدی: ته‌واو لێره‌دا ئه‌مانه بریتین له كۆمه‌ڵێك رژێم كه توێژی نووخبه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان پێوه نییه جگه له گه‌یاندنی رووناكبیری و ئاگاداركردنه‌وه و چه‌سپاندنی راستی و بڵاوكردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری و ئاشتی و خۆشه‌ویستی له نێوان گه‌لان، ئه‌مه پرسێكه چیتر پێویستمان به به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه، بۆیە فێركارییهكهمان و ئایینه‌كه‌مان و كولتووره‌كه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌مه دروست بووه، ئه‌و رووناكبیرییهش به‌رده‌وام نه‌ده‌بوو، ته‌نانه‌ت به‌وه نه‌بێت كه بووه‌ته میراتێك بۆ ئه‌و بنه‌مایانه، كه رێز له مافی خه‌ڵك ده‌گرێت له رێزلێگرتن و دادپه‌روه‌ری و تادوایی.
كوردستان24: بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی گووتهكانت له‌باره‌ی ئایین، به‌رهه‌می نووسه‌رێكی عێراقیم خوێندووه‌ته‌وه و ئه‌و یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه ناوداره‌كان، پرسیاری ئه‌وه ده‌كات: بۆچی هیچ هاوسۆزییه‌ك له‌گه‌ڵ كاره‌ساته‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه و لێدانی هه‌ڵه‌بجه‌دا نییه؟ ئه‌م گووتانه موعاز ئه‌لخه‌تیب له نامه‌ی (حوسێن خوێن ناخواته‌وه) ئاماژه‌ی پێداوه و گووتوویه‌تی: هۆكاره راسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وه‌ی له هه‌ڵه‌بجه لێیدراوه كورد بووه، بۆیه هاوسۆزییهكان بۆی وشككراوه و به گه‌وره‌یی باسی نه‌كراوه، ئه‌م كه‌سه یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه‌كانی عێراق ئاماژه به‌و گووتانه ده‌كات و گووتوویه‌تی: نه‌بوونی كۆده‌نگی له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵه‌بجه به‌هۆی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵه‌بجه كرانه ئامانج، كورد بوون، واتا ته‌نانه‌ت به راشكاوانه ده‌قه ئایینییه‌كانیش دژی ئه‌م شته‌ن.
فه‌همی هوێدی: نه‌خێر ئه‌و ده‌قانه ده‌قی ئایینی نین ئه‌مه شرۆڤه‌كردنه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، تۆ ئاماژه‌ت به ناوی كه‌سێك كرد، به‌ڵام ده‌توانیت ده‌یان كه‌سی دیكه ببینیت كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌ڵێن، به‌ڕێزم بیرۆكه‌كه له‌وه‌دایه، وه‌كو گووتمان: رای شاز یاخود هه‌ڵوێستی تووندڕه‌و نابێت بكرێته پێوه‌ر، ئه‌و حوكم به ده‌قه‌كه ده‌دات، نه‌وەكو حوكمی ده‌قه‌كه بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بگووتبایه كه ئاماژه‌م پێیدا، ئه‌وكات ده‌توانین دادگایی بكه‌ین، به‌وه‌ی كه هیچ سنوورێك بۆ ئه‌و ده‌قانه نییه.
كوردستان24: كه‌واته ئه‌وانه ته‌نانه‌ت له عورف و ده‌قه ئایینییه‌كانیش ده‌رده‌چن! كاتێك گوزارشت له هه‌سته‌كانیان ده‌كه‌ن.
فه‌همی هوێدی: من نامه‌وێت، وردبوونه‌وه له ده‌ربڕینه‌كان زیان به ده‌قه ئایینییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.
كوردستان24: وه‌كو میدیاكارێك مامۆستا فه‌همی تۆ چی له شه‌ره‌فنامه‌ی میدیاییدا ده‌بینیت؟ واتا مه‌به‌ستم بنه‌ما سهرهكییهكانه، بۆ نموونه وه‌كو درووشمه‌كانی سه‌ر لافیته‌كان وه‌كو میدیاكار پێویسته چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ین؟
فه‌همی هوێدی: ئه‌وه‌ی راستی بێت، من هیچ باوه‌ڕێكم به‌و شه‌ره‌فنامه‌یه نییه و له‌گه‌ڵیشی كۆك نیم، چونكه له كۆتاییدا پرسه گرنگه‌كان ده‌گۆڕێت بۆ پرسی زاره‌كی و زمانه‌وانی، چۆن داهێنان له زماندا بكه‌ین، به‌و شێوه‌یه‌ی كه سۆز بجووڵێنێت و هه‌سته‌كان تێر بكات! به‌ڵام هه‌ندێك به‌های بنچینه‌یی هه‌یە، ئه‌وانیش به‌های دادپه‌روه‌ری و به‌های ئه‌مانه‌ت و به‌های رێزگرتنن، ئه‌مانه‌ن به‌ها بنچینهییهكان.
كوردستان24: واتا پێویسته مامه‌ڵه‌یه‌كی به‌ڕێز و دادپه‌روه‌رانه و ئازادانه له‌گه‌ڵ كورد بكرێت!
فه‌همی هوێدی: به‌ڵێ ئه‌مه واتا به‌و به‌ها بنچینه‌ییانه لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵیان ده‌كه‌ین، كه هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و به‌هایانه ناكۆك نییه، نه كه‌سانی بیرمه‌ند و نه كه‌سانی ئایینی، هه‌ر بۆیه، ئێمه زۆر ده‌زانین كه ده‌ستووره‌كان و به‌ڵگه‌نامه‌كان و تادوایی له غیابی دامه‌زراوه‌ی شه‌رعیدا گوزارشت له ویژدانی كۆمه‌ڵگه ده‌كات و ده‌كرێت یاریی پێبكرێت، جا ئه‌گه‌ر ئێمه دامه‌زراوه‌ی شه‌رعیمان له كۆمهڵگەكانماندا هه‌بێت، ئه‌وا ده‌توانین پشتی پێ ببه‌ستین و له‌سه‌ر بنه‌ماكه‌ی حوكم بده‌ین، ئه‌مه‌ش به‌رگریكردن له مافی خه‌ڵك له رێزگرتن و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و متمانه‌مان به‌و شته هه‌یه و شاهێدی بۆ ده‌ده‌ین، به‌ڵام هه‌رچی به‌ڵگه‌نامه نووسراوهكانن، من له‌و باوهڕەدام كه زۆربه‌ی رژێمه سه‌ركوتكاره‌كان زۆرترین گرنگی به جوانكاری داوه له گوزارشتكردن.
كوردستان24: ئێستا من ده‌مه‌وێت لێته‌وه گوێبیستی په‌یامێك بم بۆ كورد، تۆ وه‌كو میدیاكار و نووسه‌رێكی ناسراو و خاوه‌ن مێژوو و ژیاننامه‌ی خۆتی، چی به كورد ده‌ڵێیت؟
فه‌همی هوێدی: واتا من ده‌توانم بڵێم، یه‌كه‌م: پێویسته مافی رێزلێگرتنیان پارێزراو بێت. دووه‌م: ئه‌و سته‌مكارییه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت و رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، هه‌مان ئه‌و ستهمكارییهیه كه رووبه‌ڕووی هاووڵاتی و مرۆڤی عه‌ره‌بی به شێوه‌یه‌كی گشتی بووه‌ته‌وه، دواتریش كێشه‌كه‌یان به‌شێكه له كێشه‌ی هه‌موومان، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وان بێبه‌ش بن، ئێمه‌ش له‌ناو وڵاته‌كانی خۆمان بێبه‌شین
كوردستان24: ئێستا من بۆ جه‌نابت ئاماژه‌م به ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان كرد، ئه‌مڕۆ په‌نابه‌ر هه‌ن، په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان بردووه و بوونه‌ته ژماره‌یه‌كی زۆر كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یە، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان هیچ گله‌ییه‌كی له‌و كۆچبه‌رانه نه‌كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتگیریكردنی ئه‌و هه‌رێمه و ئه‌زموونه‌كه‌ی پشتگوێ خراوه و ته‌نانه‌ت داهاته داراییه‌كانیشی وشككراوه، تۆ بۆ ئه‌مه چی ده‌ڵێیت؟
فه‌همی هوێدی: لێره‌دا ئێمه حوكم له‌سه‌ر به‌های دادپه‌روه‌ری ده‌ده‌ین وه‌ك ده‌ڵێین: ئه‌و رێزگرتن و دادپه‌روه‌رییه له‌كوێیه كه باسی ده‌كه‌ین؟! واتا من له‌باره‌ی رووداو و ورده‌كارییه‌كان نازانم، به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم كه ئه‌و هه‌رێمه مافی له به‌شداركردنی سیاسی و داهات و پشكی داراییدا هه‌یه و مافی خۆیانه به هه‌موو رێگه‌كان داوای بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن هه‌یە، من له‌باره‌ی ئه‌و ئامرازانه نازانم، كه له‌به‌رده‌ستدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان، به‌ڵام نابێت به‌رامبه‌ر مافه‌كانیان بێده‌نگ بن، ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان خورابێت
كوردستان24: تۆ له هه‌ندێك له گوتارهكانتدا ئاماژه‌ت به‌وه داوه، كه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆزی كورد ده‌چێته ژێر باری زۆرێك له موجامه‌له و گوتاری میدیایی.
فه‌همی هوێدی: راسته.
كوردستان24: هه‌روه‌ها له چه‌ند گوتارێكدا له ساڵانی 2004 و 2005 ئاماژه‌ت به‌و بابه‌ته داوه، ئه‌مڕۆ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه تۆ چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌م بابه‌ته، له‌كاتێكدا خۆت نووسیوته: "كورد گه‌لی سه‌رلێشێواوی خودایه" و له راستیدا به‌شدارییه‌كی زۆرت هه‌بووه و له ده‌ستپێكی دیمانه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێدا، ئێستا تۆ چۆن ده‌ڕوانیته پێگه‌ی كورد وه‌ك كارایهك له ناوچه‌كه؟ هه‌روه‌ها له‌و ناوچه‌یه ئێمه لێی ده‌ژین چ داوایه‌ك له كورد ده‌كه‌یت، كه بیكات؟
فه‌همی هوێدی: وێڕای ئه‌وه‌ی من ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی "گه‌لی سه‌رلێشێواوی خودا"ـم به‌ر له چه‌ند ساڵێك به‌كارهێناوه، به‌ڵام ئێستا من ده‌توانم ئه‌وه‌شی بۆ زیاد بكه‌م، كه جیهانی عه‌ره‌بی و گه‌لی عه‌ره‌بیش ناوییان چووه‌ته ناو ئه‌و لیسته و ئه‌وانیش بوونه‌ته گه‌لی سه‌رلێشێواوی خودا.
كوردستان24: تۆ چی به كورد ده‌ڵێیت؟
فه‌همی هوێدی: ئه‌وان له‌سه‌ر خه‌باتی خۆیان به‌رده‌وامن، به درێژایی ژیانیان خه‌باتیان كردووه و هیچیان له‌باره‌یه‌وه نازانین، ته‌نیا له شاخ و به‌رگریدا نه‌بێت، ژماره‌یه‌كی كه‌م له رووناكبیران و میوزیكژهنهكانیان ده‌ناسین.
كوردستان24: واتا تۆ تابلۆكانت بینیون؟
فه‌همی هوێدی: من هه‌ندێك براده‌ری هونه‌رمه‌ندی كوردم هه‌یه، ئه‌وان خه‌ڵكی به‌هره‌مه‌ندن، به‌ڵام چانسی ئه‌وان له ژینگه‌ی عه‌ره‌بیدا، كه ژینگه‌یه‌كی پێشوازیكار و سینگ فراوان نییه، به‌ڵكو سینگ داخراوه، ئه‌ویش به‌هۆی ستهمارییهكانهوهیه و من هیچ هیوایه‌كه‌م به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌ش نییه، كه سته‌مكاری به‌و سته‌مكارییانه‌ی ده‌سه‌پێندرێن جیاكاری له نێوان هیچ تویژێكی وڵاتهكانماندا ناكات و له هیچ وڵاتێكیش له جوگرافیاكهماندا جیاكاری ناكات، كه له زه‌ریاوه ده‌ستپێ ده‌كات تا ده‌گاته زه‌ریا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من واده‌بینم، كورد خه‌بات ده‌كه‌ن و له خه‌باته‌كه‌یاندا به ئامرازی جیاواز دلێری ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ به‌شێكیان كۆكین و له‌گه‌ڵ به‌شێكی دیكه‌شیان ناكۆكین، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه ده‌گه‌نه سنووری تووندڕه‌وی كه تۆ ئاماژه‌ت پێدا له بابه‌تی ناولێنان و تادوایی، هه‌روه‌ها پێموایه، به‌داخه‌وه له وڵاته‌كه‌مان ئێستا به به‌رده‌وامی پێشبینی شتی باش ناكه‌ین، به‌ڵام هیوادارین كه‌مترین زیانی هه‌بێت به‌راورد به رابردوو.
كوردستان24: ئایا تۆ گه‌شبینیت سه‌باره‌ت به دۆزی كورد، به‌وه‌ی كه جۆرێك له گه‌ڕاندنه‌وه بۆ شیرازه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان پێكهاته‌كان، له سایه‌ی ئه‌وه‌ی ناوت هێنا به چاره‌سه‌رێكی بچووك؟
فه‌همی هوێدی: له راستیدا ئه‌مه په‌یوندی به چه‌ند شتێكی جیاوازه‌وه هه‌یه، كه به‌داخه‌وه هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستن به نه‌خشه‌ی عێراق و هه‌ندێكی دیكه‌شیان په‌یوه‌ستن به نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه و به‌شێكی دیكه‌ش په‌یوه‌ندییان به نه‌خشه‌ی كوردییه‌وه هه‌یه، جا بابه‌تی گه‌شبینی و ره‌شبینی په‌یوه‌ستن به داتاكانه‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌بات به‌رده‌وام بێت و خه‌باته‌كه به ئاشتی بمێنێته‌وه تاکو ئه‌و كاته‌ی ئاشتی ده‌سته‌به‌ر بێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و چه‌سپاندنی یه‌كسانی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ده‌كرێت ئه‌مه بمانگه‌یه‌نێته ئه‌نجامی داواكراو، هه‌روه‌ها له راستیدا پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م، كه گه‌لی سه‌رلێشێواو، گه‌لی فەڵهستینیش گه‌لێكی سه‌رلێشێواوه، چونكه حاڵه‌ته‌كه‌ی خراپتره، واتا كه‌سێك هه‌یه داگیری ده‌كات و پاڵپشتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و داگیركارییه هه‌یه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌وییه‌ن، له‌سه‌ر دۆزی فەڵه‌ستین ده‌وه‌ستن، به‌ڵام هیوام وایه رۆژێك له رۆژان گه‌لانی عه‌ره‌بی وه‌فایان بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌بێت و مافی كورد و مافی فەڵهستینییهكان بده‌ن.