ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای زیاتر لە 14 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل پەسەند کرد
K24 - هەولێر
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پرۆژەیاسای پێشکەشکردنی هاوکاری بە بەهای 14.3 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل پەسەندکرد، سەرەڕای ئەوەی دیموکراتەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند ناکرێت.
دەنگدانەکە 226 دەنگ بەرامبەر بە 196 دەنگ بوو، مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمشەو ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیدا بۆ ناردنی هاوکاری دەستبەجێ بۆ ئیسرائیل.
جۆنسۆن لە پلاتفۆرمی ئێکس، پشتڕاستی کردەوە، کە پاکێجی یارمەتییەکان بریتین لە "سیستەمی چەکی پێشکەوتوو، سیستەمی بەرگری مووشەکی ئایرۆن دۆم بۆ ئیسرائیل دابین دەکات و کۆگاکانی بەرگری ناوخۆیی ئەمەریکاش نوێ دەکاتەوە" ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هاوکارییە زۆر گرنگە و پێویستە، بەو پێیەی ئیسرائیل بەرگری لە بوونی خۆی دەکات".
گوتیشی: پێویستە ئەمەریکا پەیامێک بۆ جیهان بنێرێت کە بەتوندی رووبەرووی هەڕەشەکانی دژی ئیسرائیل و گەلی جولەکە دەبنەوە، داوای لە ئەنجومەنی پیران و کۆشکی سپی کرد ئەم یارمەتییە پەسەند بکەن و گوتی: "ناتوانن رێگە بدەن ئەم ساتە تێپەڕێت وەک ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پیرانەکەمان کردی".