فەرەنسا و میسر هەوڵی دروستکردنی نەخۆشخانە دەدەن بۆ بریندارانی کەرتی غەززە
K24 - هەولێر
وەزیری بەرگری فەرەنسا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ میسر لە گفتوگۆدایە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی پزیشکی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بریندارانی کەرتی غەززە.
سیباستیان لێکۆرنۆ، وەزیری بەرگری فەرەنسا بە رۆژنامەی "لۆریۆن لوجۆر"ی لوبنانی رایگەیاند، "هێشتا لەگەڵ میسر لە گفتوگۆداین بەمەبەستی دابینکردنی چاودێری تەندروستی، بەتایبەتی دابینکردنی نەشتەرگەری بۆ بریندارانی جەنگ".
میسر نەخۆشخانەیەکی مەیدانی لە شێخ زوەید ئامادەکردووە، کە 15 کیلۆمەتر لە دەروازەی رەفەحەوە دوورە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی لە غەززەوە دەگوازرێنەوە.
لێکۆرنۆ باسی لەوەشکرد: کەشتیی هەلیکۆپتەر هەڵگری دیکسمۆد کە بەرهەمە پزیشکییەکانی تێدایە، بەم زووانە رەوانەی ناوچەکە دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: فڕۆکە شەڕکەرەکانیان 450 ئامانجی بزووتنەوەی حەماسیان لە غەززە بۆردومان کردووە.
دیپلۆماتکاران رایانگەیاندووە، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی مرۆیی غەززە، کە لە 9ـی ئەم مانگە لە پاریس بەڕێوەدەچێت، باس لە دامەزراندنی رێڕەوی دەریایی دەکات، بۆ ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیر لە چۆنیەتی بەکارهێنانی کەشتییەکان دەکرێتەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو بریندارانەی لە غەززەوە گواستراونەتەوە.