قازانجەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە سەدا 23 دابەزیووە

K24 - هەولێر
کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعوودیە رایگەیاند، قازانجەکانی لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 23% دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو و بڕی فرۆشتنە.
کۆمپانیای ئارامکۆ لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەڕی "تەداول"ـی بۆرسەی سعوودیە بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت: "داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2023دا، (122.19 ملیار ریاڵ بووە) کە دەکاتە (32.58 ملیار دۆلار)، لە کاتێکدا لە هەمان چارەکدا بۆ ساڵی رابردوو( 159.12 ملیار ریال) بووە کە دەکاتە(42.43 ملیار دۆلار)"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دابەزینە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوتی خاو و بڕی فرۆشراوەکانە.
هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، نرخی نەوتی زۆر بەرز کردەوە، بەشێوەیەک کە نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە 130 دۆلار.
قازانجی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ساڵی رابردوودا گەیشتە 161.1 ملیار دۆلار، ئەمەش ئاستێکی پێوانەییە بەپێی کۆمپانیاکە، بەمەش بۆ یەکەم جارە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا، بودجەی ساڵانەی سعوودیە زیاد بکات.
شرۆڤەکاران دەڵێن: سعوودیە پێویستی بەوەیە نرخی بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی 80 دۆلار بێت، بۆ هاوسەنگکردنی بودجەی وڵاتەکەی، هەرچەندە رەنگە ئەوە روونەدات بەهۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی خەرجییەکان.
ریاز لە مانگی نیسانی رابردوودا، بڕی 500 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی کەمکردەوە لە رۆژێکدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوێکی هاوبەش لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی نەوت بۆ کەمکردنەوەی دابینکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ پاڵپشتیکردنی نرخەکان.
لە ئێستادا بەرهەمی رۆژانەی سعوودیە نۆ ملیۆن بەرمیلە، کە زۆر کەمترە لە توانای خۆی کە 12 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.