دژەتیرۆری کوردستان: بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر فڕۆکەخانەی هەریر

K24 - هەولێر:

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر فڕۆکەخانەی هەریر کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەکار دەهات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (9ـی تشرینی دووەمی 2023) دژەتیرۆری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 19:15، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایەسەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم فڕۆکەخانەیە لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگای سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتە.

ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی چوارشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2023) بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان لە کاتژمێر 23:30 و کاتژمێر 12:40ـی شەو، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایەسەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر. بەگوێرەی زانیارییەکان، هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment