عەرەب و تورکمان کار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن

K24 – کەرکووک:
هەژدە ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك بەڕێوەنەچووە، لەو ماوەیە دوو جار هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەشارەکانی دیکەی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام لە کەرکوک (عەرەب و تورکمان) بەبیانووی جیاجیا رێگریان دەکرد لەئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەروەها ئێستاش دەیانەوێت بۆجارێکی دیکە هەڵبژاردن دوابخەن ، بەبیانوی ئەوەی کە داوای پێداچوونەوە بەتۆماری دەنگدەران بکرێت.
کەشی هەڵبژاردن لەکەرکووک، ئەو شوێنانەی کە عەرەب و تورکمانی لێیە بەروارد بە گەڕەک و ناوچە کوردییەکان سارد و سڕییەکی پێوە دیارە، چونکە عەرەب و تورکمان کار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.
ماردین کوك قایە، ئەندامی مەکتەب سیاسی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە راگەیەندراوێکمان هەبوو، سەرەتا داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین پێداچوونەوە بکات بە تۆماری دەنگدەران، ناوێکی زۆر زیادکراوە، ئەگەر هیچ نەکرێت لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین.
بەڵام لەگەڕەک و ناوچە کوردییەکان لە کەرکووک کەشی هەڵبژاردن تاڕادەیەک گەرم و گوڕی پێوەدیارە و کێبڕكێی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی ئەنجوومەن دەکرێت، کورد ئامادەکاری تەواو کردووە و قبوڵی ناکات هەڵبژاردن دوابخرێت.
لەلایەن خۆیەوە، سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی لە کۆمسیۆن، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم هەوڵە هەبووە، دەیانوێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکرێت، هەروەها دەیانەوێت ئەم بارودۆخە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت.
گوتیشی: هاوکات ئێمە ئەو دۆخەی کە دروستبووە بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی دەکەیەن، هەوڵدەدەین لەرێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی و مەدەنییەوە ئەم بارودۆخە ناهەمووارە بگۆڕین و دۆخی کەرکووک وەک پێشووی لێبێتەوە و ئەم پارێزگارە بەزۆر سەپێندراوە بگۆڕین.
وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەم لە کەرکووک هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا بەرێوەبچێت، هەروەها ماوەی 18 ساڵە بەبیانووی جیاجیا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم شارە بەرێوەنەچووە، دوای ئەو ماوەیە ئێستا دەرفەتێک هاتووەتە پێش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام عەرەب و تورکمان دەیانەوێت لەرێگەیی دادگای فیدراڵیەوە ئەم هەوڵه لەبارەببن و جارێکی دیکە هەڵبژاردن دوابخەن.