وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەلی کار لە چەمچەماڵ رادەگەیەنێت
K24 - هەولێر
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، دەرفەت بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەڕەخسێنێت و کۆمەڵێک هەلی کاری لە چەمچەماڵ راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی پیشەیی چەمچەماڵ بڵاویكردووەتەوە، "وەك سەنتەری راهێنانی پیشەیی چەمچەماڵ سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دەرفەتی دامەزراندن لە چەمچەماڵ بۆ چەند دەرچووێک دەڕەخسێنین".
ئاماژە بەوەشکراوە، حەوت کەس بە شێوەی گرێبەست لە سەنتەری راهێنانی پیشەیی لەناو چەمچەماڵ دادەمەزرێنن.
لە نووسراوەكەدا مەرجەكان روونكراوەتەوە، دوو پاسەوان دادەمەزرێنرێن، مووچەخۆر نەبن و هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بن، چوار راهێنەر كە هەڵگری بڕوانامەی كارەبا، میكانیك، ئایتی، كارگێڕی/ بەكالۆریۆس بن و هەروەها یەك كارگوزاریش، دەبێ تەمەنیشیان لەنێوان 24بۆ 30 ساڵ بێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو كەسانەی دەیانەوێت دابمەزرێن، پێویستە چوارشەممەی داهاتوو لە باڵەخانەی سەنتەری راهێنانی پیشەیی چەمچەماڵ، ئامادە بن و فۆڕمی دامەزراندن دابەش دەکرێت.
ئا: لاڤین عومەر